نرخی زێڕ بە کەمتر لە 4,000 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕ بە کەمتر لە 4000 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و هۆکارەکەشی بەرزیی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دراوەکانی دیکەیە.
نرخی زێڕ ئێستا بە نزیکەی 3990 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
پێنوێنی دۆلار بەرامبەر کە نرخی دۆلار بەرامبەر بە 6 دراوی سەرەکی دەپێوێت رۆژی سێشەممە لە نزیک بەرزترین ئاستەکانی لە ماوەی 3 مانگی رابردوودا مامەڵەی پێوەدەکرێت و ئەوەش گوشاری لەسەر نرخەکانی زێڕ داناوە.
لەلایەکی دیکەوە بانکی ناوەندی ئەمریکا هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە کە لە مانگی داهاتوودا رێژەی سوودی بانکی دووبارە کەمدەکاتەوە و ئەوەش گوشاری زیاتری بۆ نرخی زێڕ هێناوە.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "بەرزیی بەهای دۆلار زیانی لە نرخی زێڕ داوە."
هاوکات، بەپێی رووپێوەکان ئێستا بازرگانان بە رێژەی 65٪ چانسی کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە لە مانگی 12 دا دەبینین.