ئێران بە ئابوورییە خراپەکەی تاوەکو کەی دەتوانێت بەردەوام بێت لە شەڕ؟
رووداو- دێسکی ئابووری
ئێران لە کاتێکدا پێی نایە نێو ئەم جەنگەوە کە لەوپەڕی لاوازی ئابووری دا بوو. وڵاتەکە لەسەر وێرانەی قەیرانێکی ئابووریی 10 ساڵە وەستابوو کە سندوقی نێودەوڵەتی دراو IMF لە راپۆرتی مانگی 10ـی 2025 دا وەک "داڕمانێکی درێژخایەن" پێناسەی کردووە. بە گوێرەی پێشبینییەکان، گەشەی ئابووریی ئێران بۆ ساڵی 2025 لە نێوان 0.3% بۆ 0.6%دا بووە، کە رێژەیەکی زۆر کەمە. بانکی جیهانییش هۆشداریی دابوو کە لە ساڵی 2026 دا ئابووریی ئێران بەرەو سستبوونێکی تەواو دەچێت.
ئامارە ئابوورییەکانی ئێران مەترسیدارن؛ تێکڕای هەڵئاوسان لە کۆتایی 2025 دا گەیشتە 48.6% و نرخی خۆراکیش بە رێژەی 70% بەرزبووەوە. لایەنی هەرە مەترسیداری قەیرانەکە، داڕمانی بەهای تمەنە. لە کاتێکدا بەر لە هاتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی 1979دا، نرخی یەک دۆلار بە 7 تمەن بوو، لە مانگی 12ـی ساڵی 2025 دا بەرزبووەوە بۆ 175،000 تمەن.
سندووقی نێودەوڵەتی دراو لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئێران بۆ ئەوەی هاوسەنگی بودجەکەی رابگرێت، پێویستی بەوەیە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت 163 دۆلاربێت، کە ئەمەش دوو هێندەی نرخی جیهانییە.
نەوت و سزاکان، ئەو جومگانەی ئێرانیان پەکخستووە
نەوت کە شادەماری ئابووریی ئێرانە، بووەتە هۆکاری سەرەکی داڕمانەکە. بەپێی خشتەی بودجە و چەندین سەرچاوەی جیاواز، حکومەتی ئێران، لە بودجەی 2025 دا 51%ـی داهاتی نەوت و گازی بۆ سوپای پاسداران تەرخانکرد و بەشێکی کەم بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان مایەوە. سزاکان لە ساڵی 2018ەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 450 ملیار دۆلار زیانیان لە داهاتی نەوتی ئێران داوە. لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ لە رۆژی 28ی مانگی رابردوودا، هەناردەی نەوتی ئێران لە 1.5 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ تەنیا 102 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە.
ئەم دۆخە تەنگی بە ژیانی خەڵک هەڵچنیوە. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئێران لە 2024 رایگەیاندبوو کە 57%ی خەڵک تووشی بەدخۆراکی بوونە. پچڕانی کارەبا و گرانبوونی دەرمان و داڕمانی بەهای دراوی نیشتمانی، لە کۆتایی ساڵی 2025 دا، بوونە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکی سەرتاسەری لە 31 پارێزگای ئێران دا، کە بە گەورەترین خۆپێشاندانی دوای شۆڕشی 1979 دادەنرێت و بەپێی هەندێ سەرچاوە، زیاتر لە 36 هەزار کەس تێیدا کوژران.
تێچووی جەنگ، فاتورەیەکی گران بۆ تاران و ناوچەکە
پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی سیاسی لە واشنتن کە لە ساڵی 1960 دامەزراوە، لە رۆژی سێشەممە 3ی ئاداری 2026، تێچووی ئۆپەراسیۆنی ئەمریکای بە 60 ملیۆن دۆلار لە رۆژێکدا مەزەندە کردووە. ئاژانسی ئەنادۆڵ کۆی خەرجییەکانی ئەمریکای تەنیا لە 24 کاژێری یەکەم دا بە 779 ملیۆن دۆلار داناوە، بەو 630 ملیۆن دۆلارەشەوە کە بۆ ئامادەکارییە سەربازییەکانی پێش هێرشەکە خەرج کرابوون. کێنت سمێتەرز، ئابووریناسی ئەمریکی و بەڕێوەبەری ناوەندێکی لێکۆڵینەوەیە لە بودجە، مەزەندە دەکات کە لە خراپترین دۆخ دا کۆی تێچووە ئابوورییەکانی جەنگەکە بۆ ئەمریکا بگاتە 210 ملیار دۆلار. پڕۆژەی "تێچووەکانی جەنگ" لە زانکۆی براون خەرجییەکانی ئەمریکا پەیوەست بە ململانێیەکانی پەیوەست بە ئێران لە مانگی 10ـی 2023ەوە تاوەکو ئێستا بە نزیکەی 33 ملیار دۆلار مەزەندە کردووە. تێچووەکانی ئیسرائیل بە رێژەیی زیاترن.پەیمانگەی ئارۆن بۆ سیاسەتی ئابووری لە ئیسرائیل ، تێچووی رۆژانەی جەنگی ئیسرائیلیان بە 725 ملیۆن دۆلار خەمڵاندووە. ئیسرائیل تەنیا لە ساڵی 2025 دا نزیکەی 55 ملیار دۆلاری لە ململانێ ناوچەییەکاندا خەرج کردووە. کریستوفر پریبڵ لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستیمسۆن، لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئێستا سەرنجی ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان لەسەر ئەوەیە کە بە خێراترین کات توانای هێرشبەری ئێرانییەکان پەکبخەن، یان کەم بکەنەوە."
ئێران تاوەکو کەی بەرگە دەگرێت؟
تێچووی شەڕ بۆ ئێران بریتییە لەو داهاتەی کە بەهۆی شەڕەوە لەدەستی دەدات. بەپێی خەمڵاندنەکان و هەژمارکردنی ئەو داهاتە نەوتەی کە نەماوە و بە لەبەرچاوگرتنی بودجەی ساڵانەی سوپای پاسداردن، مەزەندە دەکرێت تێچووی رۆژانەی شەڕ بۆ ئێران 100 بۆ 150 ملیۆن دۆلار بێت لە سیناریۆی جیاوازدا.
ئەندرۆ فیلیپس، شرۆڤەکاری سیاسی، پێیوایە ئێران لەڕووی سەربازییەوە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ لە رێگەی سوپا و درۆن و گرووپە چەکدارە لایەنگرەکانییەوە جەنگێکی "پچڕپچڕ" بکات، چونکە ئەو چەکانەی کە بەکاری دەهێنێت هەرزانن، بەڵام لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە، وڵاتەکە بەرگەی جەنگێکی چڕی درێژخایەن ناگرێت.
دامەزراوەی (ئۆکسفۆرد ئیکۆنۆمیکس) پێشبینی دەکات قۆناخی شەڕی چڕ ئەوپەڕی دوو مانگ بخایەنێت. هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای ئەم مانگەدا رایگەیاند کە شەڕەکە رەنگە چوار بۆ پێنج هەفتە بخایێنێت.
دوای کوشتنی عەلی خامنەیی لە 1ی ئەم مانگەدا ، ئەنجوومەنی نوێی سەرکردایەتی ئێران ئاماژەی بە ئامادەیی بۆ دانوستاندن کردووە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە تاران ئێستا "مانەوەی رژێم" دەخاتە پێش سەرکەوتنی سەربازییەوە، هەرچەندە عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێ ئامادە نین دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بکەن.
هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئێران ناتوانێت زیاتر لە چەند هەفتەیەک لە جەنگێکی چڕدا بەردەوام بێت. ئابوورییەک کە پێش جەنگ 48.6%ی هەڵئاوسانی هەبێت و نیوەی دانیشتووانەکەی لە خوارەوەی هێڵی هەژاریدابن، بەرگەی گوشاری زیاتر ناگرێت. پێشبینی دەکرێت قۆناخی شەڕی چڕ لەنێوان دوو بۆ پێنج هەفتەدا کۆتایی بێت و دواتر پەنا بۆ دانوستاندن ببرێت.
ئێران هەوڵدەدات لە رێگەی کارتی گەرووی هورمزەوە دەستکەوتی دیپلۆماسی بەدەستبێنێت پێش ئەوەی ئابوورییەکەی بەتەواوی هەرەس بهێنێت. راستییەکە ئەوەیە، ئێران بە ئابوورییەکی شکاوەوە چووە نێو جەنگەوە، ئێستاش جەنگەکە خەریکە ئەم وڵاتە دەباتە نێو قۆناخێک کە چیدیکە گەڕانەوەی نییە.