ئێکسۆن مۆبیل دوای هەرێمی کوردستان عێراقیش جێدەهێڵێت

رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی عێراق لە گفتوگۆدایە لەگەڵ کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی بۆ کڕینی پشکی کۆمپانیاکە لە کێڵگەی "قورنەی رۆژئاوا-1" لە پارێزگای بەسرە، کە پێشبینیدەکرێت 20 ملیار بەرمیل نەوتی تێدابێت.
 
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پشتراستی کردەوە کە وڵاتەکەی لە هەوڵی کڕینەوەی پشکەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکەیە، بەڵام کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل لەبارەی شێوازی فرۆشتنی پشکەکانی کێڵگەکە هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە.
 
هەرچەندە پێشتر باس لەوە دەکرا کۆمپانیایەکی چینی بە ناوی پێترۆچاینا پشکەکانی ئێسکۆن مۆبیل لە کێڵگەی قورنای رۆژئاوا-1 دەکڕێتەوە، بەڵام لێدوانەکانی ئەم چەند رۆژەی ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق دەریدەخات کە عێراق خۆی دەیەوێت پشکەکانی کۆمپانیاکە بکڕێتەوە. ئیحسان عەبدولجەبار رایگەیاند "حکومەتی عێراق ئێستا دەتوانێت پشکەکانی ئێکسۆن مۆبیل بکڕێتەوە". 
 
کێڵگەی قورنەی رۆژئاوا-1 دەکەوێتە پارێزگای بەسرە لە باشووری عێراق کە سێیەم گەورەترین کێڵگەی نەوتە لە عێراقدا.  ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکا وەبەرهێنەری سەرەکییە لە کێڵگەکەدا، هاوکات کۆمپانیای پێترۆچاینا بە رێژەی 32.7٪ خاوەنی وەبەرهێنانی کێڵگەکەیە، کۆمپانیای ئیتۆچووی ژاپۆنی بە رێژەی 19.6، کۆمپانیای پێرتامیای ئیندۆنیزی بە رێژەی 10٪ و کۆمپانیای بەدواگەڕانی نەوتی عێراقیش خاوەنی 5٪ی وەبەرهێنانی کێڵگەکەیە. 
 
جێهشتنی کێڵگەی قورنەی رۆژئاوا-1 لە لایەن شێڵەوە
 
لە ساڵی 2010، حکومەتی عێراق گرێبەستی وەبەرهێنانی کێڵگەی قورنەی رۆژئاوا-1ی دایە هەر یەک لە کۆمپانیاکانی ئێکسۆن مۆبیل، شێڵ و کۆمپانیای بەدواگەڕانی نەوتی عێراق. بەڵام لە ساڵی 2018 کۆمپانیای شێڵ 19.6٪ی پشکەکانی خۆی فرۆشتە کۆمپانیای ئیتۆچووی ژاپۆنی و دواترین لە کێڵگەی مەجنوون کە لە دوای کێڵگەی روومەیڵە دووەم گەورەترین کێڵگەی نەوتی عێراقە کشایەوە.
 
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەکاتی راگەیاندنی پڕۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێنانی کۆمپانیای گازی بەسرە رایگەیاند "جێهێشتنی کێڵگەی قورنەی رۆژئاوا-1 لەلایەن ئێکۆسۆن مۆبیل هاوشێوەی وازهێنانی کۆمپانیای شێڵە لە کێڵگەی مەجنوون لە ساڵی 2018 کە ئێستا لەلایەن کۆمپانیای نەوتی بەسرە درێژە بە کارەکانی دەدرێت" .
 
لە شوباتی ئەمساڵ کۆمپانیای DNOی نەرویجی 32٪ی پشکەکانی ئێکسۆن مۆبیلی لە مۆڵەتی باشیک لە هەرێمی کوردستان کڕی وەک هەوڵێکی کۆمپانیا نەرویجییەکە بۆ فراوانکردنی وەبەرهێنانەکانی لە هەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەو بیرە نەوتانەی ئێستا لە کێڵگەکەدا چالاکن. 
 
ئەو پشکانەی DNO  لە مۆڵەتی باشیک لە ئیکسۆن مۆبیلی کڕیوە رووبەڕەکەی 324 کیلۆمەتر دووجایە و بە دووری 60 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای هەولێر و 20 کیلۆمەتر رۆژهەڵاتی موسڵ، هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستانیش خاوەنی 20٪ی پشکەکانی مۆڵەتی باشیکە. 
 
وەبەرهێنانی کۆمپانیا نەوتییەکان لە عێراق
 
لەکاتێکدا چەندین کۆمپانیای نەوتی وڵاتانی رۆژئاوا لە عێراق وەبەرهێنان دەکەن و هەندێکیشیان خەریکن ئێستا دێنە نێو کەرتی وزەی عێراق، حکومەتی عێراق ساڵی رابردوو کاتێک مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی واشنتنی کرد بە بەهای 8 ملیار دۆلار گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکا  واژۆکرد. 
 
گرێبەستەکان لەگەڵ هەر یەک لە شێڤرۆن، جەنەڕاڵ ئەلیکتریک، بەیکەر هیوز، هۆنی وێڵ و ستێلار ئینێرجی واژۆکران. گرێبەستەکانیش بواری بەرهەمهێنانی کارەبا و نوێکردنەوەی تۆڕەکانی کارەبا، وەبەرهێنان لە کەرتی گاز و نەوت لەخۆدەگرێت. 
 
کۆمپانیاکانی دیکەی وەک بریتش پێترۆڵیەم لە کێڵگەی روومەیلە وەبەرهێنان دەکات و رۆژانە 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت. کۆمپانیای ئێنی ئیتاڵیش لە کێڵگەی زووبێر وەبەرهێنان دەکات، هاوکات کۆمپانیای لوکئۆیڵی رووسی سەرمایەکانی لە کێڵگەی قورنەی رۆژئاوا-2 وەگەڕخستووە.
 
هەموو ئەو کۆمپانیایانە بەردەوامن لە وەبەرهێنانەکانیان لە عێراقدا و پلانی هەیە بۆ فراوانکردنی وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی عێراقدا.