ئۆنسەیەک زێڕ بە 3261 دۆلارە

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی دووشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکاندا نرخی زێڕ بەرزبووەوە؛ دابەزینی بەهای دۆلار بووە هۆکار بۆ ئەوەی ئۆنسەیەک زێڕ بەڕێژەی 0.7٪ بەرزبێتەوە بۆ نزیکەی 3261 دۆلار.
 
بازرگانانی زێڕ ئەم هەفتەیە چاوەڕێی بریاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن و هەروەها خوازیاران بزانن چارەنووسی گفتوگۆکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانی لەسەر پێناسە گومرکییەکان چی بەسەردێت.
 
نرخی زێڕ ئەمرۆ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بەڕێژەی 0.8٪ بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی بە 3269 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
پێنوێنی دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە، رۆژی دووشەممە، بەڕێژەی 0.3٪ دابەزی و ئەوەش پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکرد.
 
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی کەی سی ئێم ترەید لەوبارەیەوە رایگەیاند، "پێنوێنی دۆلار پێش کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دابەزیوە و ئەوەش نرخی زێڕی بەرزکردووەتەوە."
 
ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و بەپێی راپرسییەکان، 80٪ـی بازرگانان پێیانوایە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەگەری هەیە لە مانگی حەوتی ئەم ساڵەوە دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکات.
 
بەپێی تیم واتێرێر نرخی زێڕ بە ئەگەری زۆرەوە تاوەکو پێش کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە نێوان 3200 دۆلار بۆ 3500 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
کۆبوونەوەی دوو رۆژی بانکی ناوەندیی ئەمریکا سبەی و دوو سبەی ئەنجام دەدرێت و ئەنجامەکەی لە رۆژی چوارشەممە بڵاودەبێتەوە.