ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 4,540 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە بە بەرزبوونەوە کرایەوە، دوای ئەوە دوێنێ بۆ نزمترین ئاستی یەک مانگی رابردوو دابەزی. سەرەڕای ئەوەش بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ ئەمڕۆ سنووردار بووە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت کە مەترسییەکانی هەڵاوسانی بە زیندوویی هێشتووەتەوە.
نرخی زێڕ ئەمڕۆ بە رێژەی 0.5% بەرزبووەوە و گەیشتە 4,541 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. نرخی زێڕ لە کۆبوونەوەی پێشووی بازاڕدا زیاتر لە 2% دابەزی بۆ نزمترین ئاستی لە دوای 31ی ئادارەوە.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ مانگی شەش بە 4550 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئیلیا سپیڤاک، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (تەیستی لایڤ) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "نرخی زێڕ لە بازنەیەکی سنوورداردا بە جێگیری مامەڵەی پێوەدەکرێت و تا رادەیەک ئەمڕۆ جێگیربوونی پێوە دیارە."
نرخی نەوتی برێنت بە زیاتر لە 113 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە کە زیانی لە نرخی زێڕ داوە.
بازرگانان تا رادەیەکی زۆر ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بۆ ئەم ساڵ بەدوور دەزانن. بەپێی راپرسییەکان، بازرگانان ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەم ساڵدا تەنیا بە 37% دەبینن، ئەوەش وایکردووە دۆلار لە ئاستێکی بەرزدا بمێنێتەوە و نرخی زێڕ بە ئەستەم بەرزبوونەوەیەکی مانادار بەخۆیەوە ببێنت.