یەک ئۆنسە زێڕ بە 3370 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ رۆژی پێنجشەممە بە جێگیری مایەوە و گۆڕانکاریی کەمی بەخۆیەوە بینی. یەک ئۆنسە زێڕ بە 3370 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
لە سەرەتای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرزبووەوە بۆ 3380 دۆلار، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەند کاژێک، بەشێک لە قازانجەکانی لەدەستدا.
 
جێگیربوونی نرخی زێڕ لەبەر ئەوەیە بازرگانان سەرقاڵی شیکاریی داتا لاوازەکانی کەرتی خزمەتگوزایی ئەمریکا و نادڵنیاییەکانی پەیوەست بە پێناسە گومرکییەکانن.
 
داتای پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا لە مانگی رابردوو هێشتا بڵاونەبووەتەوە کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دابنێت. 
 
مات سیمۆن، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (سیتی ئێندێکس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "وەک هەموو بازاڕێکی دیکە، نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە جێگیرە."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، "ئامارەکانی هەلیکاری ئەمریکا کە سبەی هەینی بڵاودەبنەوە، دەتوانێت ئاراستەی نرخی زێڕ بگۆڕێت."
 
نرخی زێڕ دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە کەرتی خزمەتگوزاریی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە بەرزبووەوە. کەرتی خزمەتگوزاریی ئەمریکا لە مانگی پێنجی ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵ، لە مانگی پێنج دابەزی.
 
ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا چانسی کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە زیادکردووە کە پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستدەکات.