نرخی یەک دۆلار نزیکدەبێتەوە لە 94 هەزار تمەن

رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی یەک دۆلار بەرامبەر بە تمەن بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.
 
بەپێی ماڵپەری (نەڤەسان) تایبەت بە نرخی ئاڵوگۆڕی دراوەکان لە بازاڕی نێوخۆی ئیراندا، ئەمڕۆ سێشەممە، یەک دۆلار بە 93 هەزار و 750 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
نرخی دۆلار بۆ ماوەی چەند کاژێرێک بە 93 هەزار و 800 تمەنیش مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەوپێیەش، نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن لە ماوەی یەک هەفتەدا بەڕێژەی زیاتر لە 5٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن بەڕێژەی 9.27٪ گرانتر بووە.
 
دانوستاندنی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر بەرنامە ئەتۆمی ئێران وەستاوە و هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە؛ ئەوەش گوشاری بۆ نرخی دراوی نیشتمانی ئێران دروستکردووە.