بڕێکی بەرچاو یەدەگی نەوت لە باکووری کوردستان دەدۆزرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان بڕێکی بەرچاو یەدەگی نەوت دۆزرایەوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداویش، هەر ئێستا رۆژانە نزیکەی 5000 بەرمیل نەوت لە سنووری شرناخ دەردەهێندرێت و دەنێردرێتە پارێزگای ئیلێهـ لە باکووری کوردستان بە مەبەستی پاڵاوتەکردن.
 
بەگوێرەی میدیای تورکیا، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا هەڵمەتێکی بەرفراوانی گەڕان لە پارێزگای شرناخ هەبووە و ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە بڕێکی زۆر نەوت دۆزراوەتەوە.
 
چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا ئەو یەدەگی نەوتە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە بە فەرمی رابگەیێندرێت.
 
ئەو یەدەگی نەوتە لەڕێگەی چیای گابار لە گوندی ئاکچای لە نزیک چیای جوودی دۆزراوەتەوە.
 
میدیای تورکیا بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی لە ئەندازیارانی پرۆژەکە وەریگرتووە رایگەیاندووە، لەو ناوچەیەدا دوو هێندەی یەدەگی ئێستای تورکیا نەوت دۆزراوەتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژانە نزیکەی 5000 بەرمیل نەوت لە بیرە نەوتی قەسرکی پارێزگای شرناخ دەردەهێندرێت و دەنێردرێتە ئێلێهـ بۆئەوەی لەوێ بپاڵێورێت.
 
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ماوەی چەند مانگێکە هەڵمەتێکی گەورەی گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت لە شرناخ و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 

کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن. هەروەها لە پارێزگاکانی سێرت و رووها و مێردینی باکووری کوردستانیش کێڵگەی نەوت هەن. ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی زۆر کەم لە پێداویستییەکانی ناوخۆی تورکیا دابین دەکات.

 
لە کاتێکدا 93%ی کێڵگە نەوتییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە 25 ملیۆن بەرمیل نەوت بچووکترن، 7%ـیان کێڵگەی گەورەن و یەدەگەکانیان لەنێوان 25 ملیۆن بۆ 500 ملیۆن بەرمیلدایە. لە تورکیا لە 3000 - 4000 هەزار مەتردا نەوت دەدۆزرێتەوە.
 
لە ساڵی 2015دا یەدەگی نەوتی خاوی بەرهەمهێندراو لە تورکیا بە 334.5 ملیۆن بەرمیل هەژمار کراوە. بەپێی توانای بەرهەمهێنانی ئێستا، تەمەنی یەدەگەکان 19 ساڵە.
 
تورکیا لە ساڵی 2015دا 51 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا بەرهەمهێناوە، لە بەرامبەردا 796 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا بەکارهێناوە. لە ساڵی 2015دا بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە ناوخۆدا بە رێژەی 6.4%ی پێویستیی ناوخۆی دابینکردووە.