نرخی زێڕ نزیکبووەوە لە 4650 دۆلار


رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەڕێژەی نزیکەی 2٪ بەرزبووەوە.
 
دابەزینی نرخی نەوت و بەهای دۆلاری ئەمریکی، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن.
 
ئەمڕۆ یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 1.8٪ بەرزبووەوە و بە 4644 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا خۆی لە 4650 دۆلار دا.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆپەراسیۆنی پاسەوانیکردن لە کەشتییەکان بەشێوازی کاتی رادەگرێت لەبەر ئەوەی پێشکەوتن لە دانوستاندنەکاندا بەدی هاتووە لەگەڵ ئێران.
 
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا لەو بارەیەوە دەڵێت، "نرخی نەوت لەبەر کەمبوونەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکان دابەزیوە، دوای ئەوەی ئەمریکا رایگەیاند ئەو ئاگربەستەی کە لە نێوان ئێران و ئەمریکا هەیە هێشتا کاری پێدەکرێت، سەرەڕای ئەو هێرشانەی کە لە دوێنێوە بۆ سەر هەندێ وڵات و کەشتی بازرگانی کراون".
 
وۆنگ دەڵێت، "دابەزینی نرخی نەوت و بەهای دۆلاری ئەمریکی بوونەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ."
 
مایک رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا شەوی رابردوو رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی 'تووڕەیی داستان ئاسا' کۆتایی پێهاتووە."
 
کێلڤین وۆنگ دەڵێت، "ئەگەر ئاماژەیەک دەربکەوێت لەسەر ئەوەی دووبارە گرژییەکانی ناوچەکە پەرە بستێنن، ئەوا بازرگانان دەست بە فرۆشتنی زێڕ دەکەن بۆ کۆکردنەوەی قازانج، بەڵام هێوربوونەوەی زیاتری دۆخەکە یارمەتی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ دەدات."