نرخی زێڕ 3900 دۆلاری تێپەڕاند؛ ئاستێکی نوێی مێژووییە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان لەم هەفتەیەدا، نرخی زێڕ ئاستێکی نوێی پێوانەیی تۆمار کرد.
ئۆنسەیەک زێڕ ئاستی هەستیاری 3900 دۆلاری تێپەڕاند و ئێستا لە نزیک 3922 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
داخرانی حکومەتی ئەمریکا، چاوەڕوانییەکانی بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتەوە زیادکردووە.
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ دووشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 0.6٪ بەرزبووەوە و 3922ی تۆمار کرد.
نرخی زێڕ بۆ رادەستکردنی لە مانگی 12 لە گرێبەستەکانی داهاتوودا، بەڕێژەی 0.7٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و بە 3940 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەم ئاستە بۆ نرخی زێڕ ئاستێکی مێژوویی نوێیە.
نرخی زێڕ لە ئەم ساڵدا تاوەکو ئێستا بەڕێژەی 47٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی نێوخۆ بەرزبێتەوە، دوێنێ بەمشێوەیە بوو:
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=825,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=787,000
مسقاڵێک زێڕعەیار 18=675,000