نرخی یەک دۆلار بۆ نزیکەی 113 هەزار تمەن دابەزی


رووداو دیجیتاڵ

نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە تمەن ئەمڕۆ دووشەممە 1800 تمەن واتا بەڕێژەی 1.56٪ دابەزی. یەک دۆلار بە 113 هەزار و 400 تمەن مامەڵەی پێوەکرا. 
 
بەرزترین نرخی دۆلاری ئەمریکی لە 24 کاژێری رابردوودا 115 هەزار و 400 تمەن بووە و نزمترین نرخیش 133 هەزار و 400 تمەن بووە. 
 
نرخی ئێستای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە هەفتەی رابردوو، 1.16٪ بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە. بەهای دۆلار بەرامبەر بە تمەن لە شەش مانگی رابردوودا نزیکەی 13.17٪ بەرزبووەتەوە.
 
لە دوو رۆژی رابردوودا، بازاڕی دراوی ئێران شەپۆلێکی خستنەڕووی بەرچاوی دۆلار و دراوی دیکەی بیانی لەلایەن بانکی ناوەندی و هەناردەکارانی ئێرانییەوە، بەخۆیەوە بینیوە. ئەم سیاسەتە لە کورتخایەندا بووەتە هۆکار بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، بەڵام شارەزایانی ئابووری پێیانوایە گوشاری فرۆش ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر نرخی دۆلار لە ئاستی نزمدا بهێڵێتەوە.
 
هێشتا هۆکارە دەرەکییەکان وەک نادیاری و ناڕوونی لە پەیوەندییە سیاسییەکان، ئەگەری توندکردنەوەی گەمارۆکان و بەردەوامبوونی کورتهێنانی بودجەی حکومەت، کاریگەری لەسەر بازاڕی دراوی ئێراندا هەیە و لەبەر ئەوەش بازرگانانی دراو پێشبینی دەکەن نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن دووبارە بگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ئاستە بەرزە مێژووییەکانی.