بۆچی بەرمیلێک نەوتی عومان بە 170 دۆلار دەگاتە پاڵاوگەکانی ئاسیا؟


بەیانیی 28ی شوباتی 2026، یەکەمین هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل کرایە سەر خاکى ئێران. تاوەکو ئێوارەی ئەو رۆژە، نرخی نەوتی برێنت زۆر گۆڕا. هەفتەیەک دواتر، نرخی بەرمیلێک نەوتی راستەقینەی (فیزیکی) رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیشتە ئاستێک کە پیشەسازیی نەوت پێشتر بەخۆیەوەی نەدیبوو. ئەوەی روویدا تەنیا بەرزبوونەوەی نرخ نەبوو، بەڵکو پەککەوتنی سیستماتیکی ئەو ژێرخانە بوو کە بازاڕی نەوت، چوار دەیەی بۆ بنیاتنانی تەرخانکردبوو.
 
بازاڕی جیهانیی نەوتی خاو لەسەر دوو ئاراستەی جیاواز کار دەکات: بازاڕی سەرکاخەز (Paper Market) کە لە رێگەی گرێبەستەکانی داهاتووەوە لە بۆرسەی لەندەن و نیویۆرک مامەڵەیان پێوە دەکرێت و بازاڕی فیزیکی (Physical Market) کە تێیدا بەرمیلە راستەقینەکانی نەوت گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، گرێبەستیان بۆ دەکرێت و بۆ پاڵاوگەکان دەگوازرێنەوە. لە بارودۆخی ئاساییدا، ئەم دوو بازاڕە پێکەوە دەجوڵێن، بەڵام لەکاتی داخستنی تەنگەی هورمزدا بەهۆی جەنگەوە، بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر لە یەکدی جیابوونەتەوە.
 
بازاڕی سەرکاخەز کە نەوتی برێنت نوێنەرایەتی دەکات لە 7ی نیسانی 2026دا لە دەوروبەری  110 دۆلار جێگیربوو. ئەمە ئەو ژمارانەن کە لە شاشەکانی بلۆمبێرگ و سەردێڕی هەواڵەکاندا دەردەکەون، بەڵام ئەمە ئەو نرخە نییە کە پاڵاوگەکانی کۆریای باشوور، ژاپۆن یان مالیزیا ئێستا بۆ بەرمیلێک نەوت دەیدەن. وەک بازرگانان دەڵێن، نرخی سەرکاخەز بەهۆی لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران و قسەکانی ئیدارەی ترەمپ لەبارەی ئاگربەست دەستکاری دەکرێت و لە ئاستێکی نزم دا ماوەتەوە بەروارد بەو راستییەی کە لە بازاڕی فیزیکیدا هەیە. 
 
بازاڕی فیزیکی چیرۆکێکی تەواو جیاوازە. پێوەری پلاتس دوبەی/عومان (Platts Dubai/Oman) بنەمایە بۆ دیاریکردنی نرخی نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ پاڵاوگە ئاسیاییەکان و لەلایەن کۆمپانیای S&P Global بڵاودەکرێتەوە لەسەر بنەمای کڕین و فرۆشتنی راستەقینە لە کاژێر 16:30 بە کاتی سینگافور. ئەمە ئەو ژمارەیەیە کە کۆمپانیاکانی سۆمۆ، ئارامکۆی سعودی و ئەدنۆکی ئیمارات بۆ دیاریکردنی نرخی فەرمیی فرۆشتنی خۆیان OSP ، بەکاریدەهێنن.  رۆژانە نرخی 18 ملیۆن بەرمیل نەوت لە جیهان دا لەسەر بنەمای ئەم پێوەرە دیاریدەکرێت. لەوکاتەوەی جەنگی ئێران دەستیپێکردووە، ئەم پێوەرە بە شێوازێک گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە کە لە مێژووی 45 ساڵەی خۆیدا وێنەی نەبووە.

 

پێوەری پلاتس دوبەی چۆن کار دەکات و بۆچی پەکیکەوت؟
 
بۆ تێگەیشتن لەوەی بەرمیلێک نەوتی عێراق، عومان یان ئیمارات ئەمڕۆ بە چەند دۆلار دەستدەکەوێت، دەبێت سەرەتا لە میکانیزمی پلاتس دوبەی تێبگەین. تەنیا 72 کاژێر دوای یەکەم هێرش، ئەم میکانیزمە پەکیکەوت.
 
پێوەری پلاتس دوبەی لە پێنج جۆرە نەوت پێکدێت: دوبەی (ئیمارات)، عومان، زەکومی (ئەبوزەبی)، شاهین (قەتەر) و مۆربان (ئەبوزەبی). لە 2ی ئاداری 2026، کۆمپانیای S&P Global Platts رایگەیاند کە دەستبەجێ هەموو ئەو جۆرە نەوتانەی لە ناوەوەی تەنگەی هورمز بار دەکرێن لە پێوەرەکە دەردەهێنرێن. ئەم بڕیارە بازاڕی تووشی شۆک کرد، چونکە تەنیا دوو جۆرە نەوتی هێشتەوە: نەوتی مۆربانی ئیمارات (کە لە بەندەری فۆجەیرە لە دەرەوەی تەنگەی هومرز بار دەکرێت) و نەوتی عومان.
 
پێوەری پلاتس دوبەی، نرخە دۆکۆمێنتکراوەکان

 

پێش جەنگ (تێکڕای مانگی شوبات): 68.40 دۆلار
تێکڕای نەوتی دوبەی بۆ مانگی ئایار (مامەڵەی مانگی ئادار): 128.52 دۆلار
بەرزترین ئاستی 52 هەفتەی نەوتی دوبەی: 137.82 دۆلار
لووتکەی نرخی فیزیکی دوبەی (بەپێی میدیاکان): نزیکەی 170 دۆلار
نەوتی برێنت (سەرکاخەز - 6ی نیسان): 110.82 دۆلار
 
ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییە ئەوەبوو کە بازاڕەکە کەوتە دەست یەک یاریزانی گەورە. لقی بازرگانیی کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی، کۆمپانیای  Totsa  ، پێگەیەکی هێندە گەورەی لە بازاڕەکەدا گرت کە شارەزایان بە گەورەترین پێگەی تاکە یاریزان لە مێژووی بازاڕی نەوت دا دەیناسێنن. کۆمپانیاکە لە مانگی ئاداردا نزیکەی 4 ملیار دۆلار نەوتی لەم بازاڕەدا کڕی و مەزەندە دەکرێت 1 ملیار دۆلار قازانجی کردبێت.
 
کۆمپانیای تۆتسا پێش سەرهەڵدانی جەنگی ئێران، نەوتی دوبەی و عومانی بە نزیکەی 70 تاوەکو کڕیبوو، لە سەرەتای مانگی ئاداریشدا کە شەڕ  دەستیپێکرد و نرخی نەوتی عومان بەرزبووەوە بۆ 120 و 130 دۆلار، هەر بەردەوام بوو لە کڕێنی ئەو جۆرە نەوتەی کە خستنەڕووی کەم دەبووەوە. سەرئەنجام لە 26ـی مانگدا، ئەوکاتەی نرخی بەرمیلێک لەو نەوتەی کڕیبووی گەیشتبووە 170 دۆلار، فرۆشتی و 1 ملیار دۆلاری قازانج کرد. ئەمەی خوارەوە وردەکاری ئەو مامەڵەیە دەریدەخات کە لە بازاڕی نەوتی فیزیکی دا چی دەتوانێت رووبدات ئەگەر دۆخێکی نائاسایی وەک شەڕ دروستبێت.
 
مامەڵەکانی کۆمپانیای Totsa، 4 ملیار دۆلار
 
کۆی خەرجی بۆ کڕینی نەوتی دوبەی لە ئاداردا: نزیکەی 4.0 ملیار دۆلار
بارە نەوتە وەرگیراوەکان لەلایەن تۆتاڵ: 77 بار لە کۆی 82 بار
قەبارەی نەوتەکە: 38.5 ملیۆن بەرمیل (عومان و مۆربان)
قازانجی خەمڵێندراوی تۆتاڵ لە مامەڵەکانی ئادار: نزیکەی 1 ملیار دۆلار
 
ئادی ئیمسیرۆڤیچ، یەکێک لە بازرگانە کۆنەکار و بە ئەزموونەکانی نەوت دەڵێت "ئەوە شتێکی یەکجار گەورەیە، بەلەبەرچاگرتنی دۆخی گشتیی بازاڕ و رێژەی بەرزبوونەوەی نرخەکان و ئەو بڕە نەوتەی کە مامەڵەی پێوەکراوە، لەوانەیە ئەوە گەورەترین مامەڵەی بازرگانی نەوت بێت کە تاوەکو ئێستا لە مێژووی بازاڕی نەوتدا کرابێت."
 
جیاوازیی نێوان نرخی سەرکاخەز و نرخی فیزیکی
 
جیاوازیی نێوان نرخی سەرکاخەزی نەوتی برێنت و نرخی نەوتی فیزیکی دوبەی تەنیا بابەتێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو گرنگترین راستیی بازرگانییە لە بازاڕی وزەی جیهانیی ئەمڕۆدا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەموو پاڵاوگەیەکی ئاسیا و بودجەی وڵاتانی بەرهەمهێنەر هەیە.
 
پێش جەنگ، جیاوازیی نێوان برێنت و دوبەی کە لە بازاڕی نەوت دا بە پارامەترێک بە ناوی EFS دەناسرێت، تەنیا 1 بۆ 3 دۆلار بوو. بەڵام ئێستا بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمز، ئەم هاوکێشەیە هەڵگەڕاوەتەوە. ئێستا نرخی نەوتی عومان و دوبەی کە نوێنەرایەتی نەوتی فیزیکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات زۆر لە برێنت گرانترە، لەبەرئەوەی نرخی نەوتی دوبەی و عومان رەنگدانەوەی کەمیی راستەقینەی بەرمیلەکانە، لەکاتێکدا برێنت رەنگدانەوەی بازاڕێکی داراییە کە بە لێدوانە سیاسییەکان نرخەکەی دادەمرکێتەوەو هەڵبەز و دابەز دەکات. 
 
بەپێی شیکارییەکانی CNBC، لەنێوان 27ی شوباتەوە تاوەکو 27ی ئادار، نرخی نەوتی برێنتی سەرکاخەز بە رێژەی 36% بەرزبووەتەوە، بەڵام لە هەمان ماوەدا نرخی نەوتی فیزیکی دوبەی بە رێژەی 76% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بنیوە. بەوپێیەش لە کۆتایی مانگی ئاداردا، بازاڕی فیزیکی نرخەکانی 40% بۆ 50% بەرزتربووە لەوەی کە لە سەردێڕی هەواڵەکاندا دەبینرا.
 
خشتەی جیاوازیی نێوان نرخی سەر کاخەز و نرخی فیزیکی:
 
بەرزبوونەوەی برێنت (نرخی سەرکاخەز - لە ماوەی 4 هەفتەدا): +38%
بەرزبوونەوەی دوبەی (فیزیکی - لە ماوەی 4 هەفتەدا): +83%
جیاوازیی برێنت/دوبەی (پێش جەنگ): برێنت 1 بۆ 3 دۆلار بەرزتر بووەوە لە دوبەی
جیاوازیی برێنت/دوبەی (کاتی جەنگ): دوبەی 8 بۆ 20 دۆلار گرانترە
 
هۆکاری ئەم دابڕانە ستراتیژییە ئەوەیە نرخی برێنتی سەرکاخەز ئامرازێکی داراییە بەپێی زانیاری و لێدوانە سیاسییەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەڵام نەوتی فیزیکی دوبەی، کاڵایە، نرخەکەی پەیوەستە بەوەی ئایا دەکرێت کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بار بکرێن یان نا؟ کاتێک وەڵامەکە (نەخێر)ـە، نرخی فیزیکی بەرز دەبێتەوە تاوەکو ئەوکاتەی خواست لەنێو دەچێت یان خستنەڕوو دەگەڕێتەوە. فاتح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ، هۆشداری دەدات کە ئەم قەیرانە خراپترین قەیرانە لە مێژووی وزەدا و رایگەیاند کە مانگی نیسان زۆر خراپتر دەبێت لە مانگی ئادار، لەبەرئەوەی ئەو بارە نەوتانەی پێش جەنگ نێردرابوون دەگەنە پاڵاوگەکان و تەواو دەبن و، دوای ئەوە "هیچ نامێنێت".
 
کەشتیی (ئۆوشن سەندەر)، نموونەیەک بۆ نرخاندنی نەوتی فیزیکی
 
کەشتی نەوتهەڵگری ئۆوشن سەندەر (Ocean Thunder) کە لە رۆژانی 4 یان 5ی نیسان دا بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕی، بووە یەکێک لە گرنگترین رووداوە بازرگانییەکان. ئەم کەشتییە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی قورسی بەسرەی هەڵگرتبوو بۆ پاڵاوگەی پەنگێرانگ لە مالیزیا.
 
بۆ ئەوەی تێبگەین ئەم بارە نەوتە چەند لەسەر کۆمپانیای پترۆناسی مالیزی کەوتووە، دەبێت سەیری تێچووەکان بکەین. کۆمپانیای سۆمۆ نرخی نەوتی بەسرەی بۆ مانگی ئادار لەسەر بنەمای نرخەکانی پێش جەنگ دیاری کردبوو:
نرخی کڕین لە سۆمۆ (بەپێی نرخەکانی پێش جەنگ): نزیکەی 66 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی جەنگ و مەترسی: نزیکەی 10 بۆ 12 دۆلار زیاد دەکات.
کۆی تێچووی گەیشتن بە مالیزیا: 74 بۆ 78 دۆلار.
نرخی ئێستای هەمان بڕە نەوت لە بازاڕدا: 113 بۆ 125 دۆلار.
قازانجی خەمڵێندراو تەنیا لەم بارە نەوتەدا: 35 بۆ 50 ملیۆن دۆلار.
 
ئەم قازانجە گەورەیە لۆژیکی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆکوەزیرانی مالیزیا رووندەکاتەوە کە لەگەڵ تاران ئەنجامیدان بۆ ئەوەی کەشتییەکانی بەبێ سەرانە و باج بە تەنگەی هومرزدا تێپەڕن.
 
قەیرانەکە تەنیا نرخ نییە، بەڵکو نەمانی نەوتە. مەزەندە دەکرێت جیهان رۆژانە 4.5 بۆ 5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لەدەستدابێت. چاوەڕوان دەکرێت دوای 19ی نیسان، ئەم رێژەیە بۆ 9 بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزببێتەوە، چونکە کۆگاکانی یەدەگی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بەرەو بەتاڵ بوون دەچن. کۆمپانیای گۆڵدمان ساکس هۆشداریداوە کە ئەگەر داخستنی هورمز تاوەکو مانگی ئایار بەردەوام بێت، نرخەکان ئاستی پێوانەیی ساڵی 2008 (کە 147 دۆلار بوو) دەشکێنن.
 
کاریگەرییەکان بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان
 
بۆ عێراق کە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆپێکە دۆخێکی دژبەیەکی قووڵە. رێڕەوی سەرەکیی هەناردەکردنی وڵاتەکە لە ژێر رەحمەتی دراوسێیەکدایە کە جەنگی تێدایە. هەرچەندە عێراق لە سنووردارکردنەکان دەرهێندراوە، بەڵام ئەمە ئەو وڵاتە دەخاتە ژێر وابەستەییەکی نایەکسان بە رەزامەندیی دیپلۆماسیی ئێران.
لە لایەکی دیکەوە، هەرچەندە نرخی نەوتی بەسرە گەیشتووەتە ئاستێکی خەیاڵی (113-125 دۆلار)، بەڵام هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر بەندەرەکانی بەسرە و کەمبوونەوەی کەشتییەکان، وایکردووە عێراق نەتوانێت بە تەواوی سوود لەم بەرزبوونەوەی نرخە وەربگرێت.
 
بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، دۆخەکە ئاڵۆزترە. نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە رێگەی بۆڕیی عێراق-تورکیاوە هەناردەی جەیهان دەکرێت، هێشتا بەدەست فۆرمۆلەی میکانیزمی داهاتی نێوان بەغدا و هەولێرەوە دەناڵێنێت. ئەو سوودەی کە دەکرا کۆمپانیاکانی نەوت لەم گرانبوونی نرخە وەریبگرن، بەهۆی وەستانی بەرهەمهێنان بەهۆی هێرشە درۆنیی و مووشەکییەکانەوە، بەفیڕۆ دەچێت.
 
لە بازاڕی فیزیکی نەوت دا، تەنیا یەک نرخ نییە، بەڵکو پله‌بەندییەک بۆ "دەستگەیشتن" هەیە. بۆ کڕیارێکی مالیزی کە مۆڵەتی تێپەڕینی هەیە، تێچووی بەرمیلێک 78 دۆلارە، بەڵام بۆ پاڵاوگەیەکی ژاپۆنی یان کۆری کە کەشتییەکەی رێگەی پێنادرێت تێپەڕێت، نرخی نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (بێ کۆتاییە) چونکە بە هیچ نرخێک دەستی ناکەوێت. داتاکانی پلاتس دوبەی و عومان چیرۆکەکە بە روونی دەڵێن: نرخەکان لە نێوان 117 بۆ 128 دۆلارن. ئەگەر پێشبینییەکەی فاتح بیرۆڵ راست دەربچێ و لە نێوەڕاستی مانگی نیساندا "هیچ نەوتێک" لەبەردەستدا نەبێت، ئەوا بازاڕی فیزیکی هێشتا لووتکەی نرخەکانی بەخۆیەوە نەدیوە.