نرخی زێڕ لە نزیک 4700 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی دابەزینی نرخی دۆلار و گەشبینی بە کۆتاییهاتنی جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی.
 
ئەمڕۆ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 0.3٪ بەرزبووەوە و بە 4701 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. دوێنێ، نرخی زێڕ بەڕێژەی 3٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی بوو و، تاوەکو 4710 دۆلاریش بەرزبووەوە.
 
ئێران سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێشنیازەکانی ئەمریکایە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ کە تیایدا کرانەوەی تەنگەی هورمز و هەڵپەساردنی بەرنامەی ئەتۆمی بۆ چەندین ساڵ لەخۆدەگرێت.
 
ئیدوارد میر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (مارێکس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "پێموایە هەموو بازاڕەکانی کاردانەوەی لە رادەبەدەریان پێشانداوە بەرامبەر پێشنیازەکەی ئەمریکا و هێشتا هیچ شتێک یەکلایی نەبووەتەوە"
 
بە گوتەی ئیدوارد، نرخی زێڕ پێشبینی دەکرێت لە بازنەیەکی سنووردار لە نێوان 4600 دۆلار بۆ 5100 دۆلار مامەڵەی پێوەبکرێت.
 
نرخی دۆلار ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێژەی 0.1٪ بەرزبووەوە و یارمەتیدەر بووە بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ.