شارەزایەكی بیانی: لە 3 ساڵی داهاتوودا هەولێر 700% گەشە دەكات

رووداو- هەولێر

"لەڕووی بیناسازییەوە، هەولێر لە گەشەكردنێكی خێرادایە". ئێدوارد كارنیگی شارەزا لە بازاڕی زەوی و خانووبەرە لە هەولێر، پێشبینی دەكات لە 3 ساڵی داهاتوودا هەولێر بەڕێژەی 700% لە بواری بازرگانی و پیشەسازی و بیناسازی ‌گەشە بكات، لەگەڵ زیادبوونی شوێنی ئۆفیسی بازرگانی بۆ 10 ئەوەندەی ئێستا.

بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا هەموو ئەم باڵەخانە نوێیانە لە داهاتوودا چۆن دەبن؟ ئایا نرخەكانیان هەروا گران دەبێت؟

بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەم داهاتووە، (رووداو) لە پێشانگای بیناسازی 2014ی هەولێر ئامادەبوو. لە پێشەنگاكەدا، كەلوپەلی بیناسازی و ئامێری شارەوانی نیشاندرا. 

پێشانگای پیشەسازی لەم جۆرە كە تێیدا كۆمپانیاو ئامێرەكان نیشاندەدرێن، شارەكە لە ساڵانی داهاتوودا بەتەواوی دەگۆڕن 
بەڵام ئەوەی ئاشكرایە، زۆربەی ئەو ئامێر و كەلوپەلانەی لە دروستكردنی بیناكاندا بەكاردەهێنرێن هاوردەكراون. شتێكی ناوخۆیی ئەوتۆ لە پێشانگاكەدا بەدی نەدەكرا. زۆربەی كۆمپانیاكان توركی و ئێرانی بوون لەگەڵ هەندێك كۆمپانیای چینی، تایوانی، هیندی، ئیتاڵی، ئەڵمانی، سعودی، ئیماراتی، میسری و فەلەستینی.

هەندێك لە كۆمپانیاكان ئامێری زۆر پێشكەوتوویان لە دەرەوە هێنابوو. هێشتا كوردستان كاتێكی زۆری ماوە لە بنیاتنانی تواناو هێزی كار بۆ دروستكردنی ئەم ئامێرە پێشكەوتووانە،‌ ئەمەش لە ئەنجامی پشتگوێخستن و وێرانكاری چەندین ساڵەی كوردستان لەلایەن رژێمی بەعسەوە. 

بەڵام هەلێكی زۆر هەیە بۆ ئامێرە ناوخۆییە سادەكان. وەبەرهێنانی ستراتیژی بە چەند ئامێرێكی سادەی ناوخۆیی دەكرێت نرخی بیناسازی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزێنێ.
بەر لە وێرانبوونی ژێرخانە پیشەسازییەكەی، عێراق یەكێك بوو لە بەرهەمهێنەرە سەرەكییەكانی كەرەستەی بیناسازی وەك كاشی، بۆری، خشت و شووشە. بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ و گەچ بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، بەڵام هێشتا ئەوەندە نییە بەشی پێداویستییەكان بكات. رێكخەرانی پێشانگاكە ئاستی داواكاری بۆ خشت لە عێراق بە چوار ئەوەندە زیاتر لە توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی مەزەندە دەكەن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشنایە بە كێشەكە، بۆیە رایگەیاندووە كە گرنگی زیاتر بە پێشكەوتنی پیشەسازی دەدات. كردنەوەی گەورەترین كارگەی دروستكردنی شیش لە دەرەوەی سلێمانی لە مانگی رابردوودا هێمایە بۆ ئەو هەوڵانە. 

ئەمە هەنگاوێكی ستراتیژیی باشە. ئامێری پیشەسازی و شیشی ناوخۆیی دەبێتە سەرچاوەیەكی باش بۆ بیناسازەكان و كڕیارانی كورد.

یەكێك لە هۆكارەكانی گرانیی زەویوزار و خانووبەرە پشتبەستنی زۆرە بە هاوردەكردن. خاوەن كۆمپانیاكان پارەیەكی زۆرتر دەدەن بۆ هاوردەكردنی كەلوپەل و ئامێرەكان، لەبەرئەوەی نرخی تێچوونی گواستنەوە زۆر گرانە و شێوازی دابەشكردن زۆر خراپە. ئەمە جگە لەوەی دواكەوتن لە گەیشتنی ئەو كەلوپەلانە دەبێتە هۆی دواكەوتنی تەواوبوونی بیناكان. 

هەروەها توانایەكی كەم هەیە بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستییە ناوخۆییەكان، لەگەڵ كەمیی پێشبڕكێ و نەبوونی سەقامگیری نرخ و كوالێتی كۆنترۆڵ. هەموو ئەم فاكتەرانە هۆكارن بۆ تێكچوونی نرخ و كاریگەریی خراپ لەسەر ئەنجامەكە‌. بە واتایەكی دیكە پارەیەكی زۆر دەدەی بۆ شوقەیەك كە دڵۆپە دەكات.

پێشبینی مەكە جارێ نرخ دابەزێ. دروستكردنی كارگەی شیش هەنگاوێكی باشە. بەڵام بنیاتنانی پیشەسازیی ناوخۆ و باشكردنی ژێرخانی ئابووری و بنیاتنانی هێزی كار و كەناڵێكی باش بۆ دابەشكردن كاتی دەوێ، لەگەڵ ئەو فاكتەرانەی دیكە كە دەبنە هۆی هەرزانبوونی نرخ. 

رائید جومعە، لە سووچێكی پێشانگاكەدا دانیشتبوو بە تاسەوە جگەرەی دەكێشا و دەیگوت ''شەڕی زۆرم كرد تا ئەم شوێنەم دەستكەوت''. 

كۆمپانیاكەی رائید ''گاما مێكانیكای ئیتاڵی'' شتێك دەفرۆشێت كە روونكردنەوەی بۆ خەڵك ئاسان نییە، تەنانەت ئەگەر گەورە و گران و گرنگیش بێت.

"ئامێری بەرهەمهێنانی مێنەرەڵ ووڵ دروست دەكەین، بۆ رێگەگرتن لە دڵۆپەكردن و ئاگر، لەگەڵ رێگرتن لە هاتنە ناوەوەی هەوای سارد لە زستان و هەوای گەرم لە هاوین بۆ ناو بیناو خانووبەرە".

رائید گوتی "تەنیا پێویستم بە فرۆشتنی یەك دانەیە بۆ دابینكردنی  پێداویستییەكانی هەموو عێراق". گوتیشی "نرخەكەی زۆر گرانە، نزیكەی 50 ملیۆن دۆلارە". رائید بۆ وەبەرهێنێك دەگەڕێ كە پارەی زۆری هەبێت: یان حكومەتی هەرێمی كوردستان یان چەند كۆمپانیایەك پێكەوە. ئەو بەڵێن دەدات هەر كەسێك ئەو ئامێرە بكڕێت لەماوەی كەمتر لە پێنج ساڵدا پارەكەی خۆی پەیدا دەكاتەوە‌.

"ئەم ئامێرە بۆ ئابووری ناوخۆی ئێرە زۆر تەواوە. كوردستان هەموو ماددەكانی هەیە بۆ ئەم ئامێرە. وەك بەردی رەشی باسۆڵت لە شاخەكان لەگەڵ لمی سیلسیا و غازی LPG كە لە پاڵاوگەی نەوت بەرهەم دێت".

رائید رێكلامی زیاتر بۆ بەرهەمەكەی دەكات و دەڵێت "هەموو ماڵێك پێویستی بە بەرهەمەكەی ئێمە هەیە. بەرهەمەكەمان بەشێوەیەكی بەرچاو نرخی تێچوونی وزە لە وڵاتێكی گەرمی وەك‌ كوردستان كەمدەكاتەوە، لەبەر ئەوەی ئینسلەیشن كاری ساردكەرەوەكان كەم دەكاتەوە. ئیمارات چوار وێستگەی گاما مێكانیكای هەیە و هەموو خورییەكانی ناوخۆش بەكاردەهێنێ. 

لەگەڵ زیادبوونی پیشەسازی، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵدەستێ بە جێبەجێكردنی یاسای تایبەت بە كوالێتی بیناكان، ئەگەر مێنەرەڵ وۆڵ لێرە بەرهەمهێنرا، بۆ نموونە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێ بیناكانی بە جۆرێك دروست بكات كە پارێزراوبن لەكاتی ئاگركەوتنەوە و وزەی كەمتریش بەكاربهێنن. بەڵام ئێستا دەبێت پارەیەكی زۆر بدەی بۆ شوقەیەكی سەلامەت و باش.