نرخی زێڕ بۆ 3314 دۆلار دابەزی


رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە دابەزی، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند پێشکەوتن لە دانوستاندنەکانی پەیوەست بە پێناسە گومرکییەکان لەگەڵ وڵاتان بەدیهاتووە و دوا مۆڵەتی بۆ جێبەجێکردنی پێناسە گومرکییەکان لە 9ـی ئەم مانگەوە درێژکردەوە بۆ سەرەتای مانگی داهاتوو.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەڕیژەی 0.6٪ دابەزی بۆ 3314 دۆلار. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ ئاستی 3322 دۆلار دابەزی.
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی نزیکە لە ریککەوتنی بازرگانی لەگەڵ چەندین وڵات و لە داهاتوویەکی نزیکدا رایاندەگەیێنێت.
 
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، ئەو وڵاتانەی هێشتا لەگەڵیان نەگەیشتوونە رێککەوتن، تاوەکو 9ـی مانگ ئاگاداردەکرێنەوە لە زیادکردنی پێناسە گومرکییەکان، بەڵام وادەی جێبەجێکردنی پێناسە گومرکییەکانی درێژکردەوە بۆ سەرەتای مانگی داهاتوو.
 
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا رایگەیاند، "درێژکردنەوەی وادەی جێبەجێکردنی پێناسە گومرکییەکان بوار بۆ دانوستاندنی وڵاتان لەگەڵ ئەمریکا خۆش دەکات و ئەوەش خواستی بۆ کڕینی زێڕ دابەزاندووە."
 
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، بە ئەگەری زۆرەوە لە کورتخایەندا، نرخی زێڕ لە دەوروبەری 3320 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و لەوە بەدواوە ئەو پەڕی تاوەکو 3360 دۆلار بەرزدەبێتەوە کە خاڵێکی بەهێزی بەرگرییە.

 

لە هەرێمی کوردستانیش، بەپێی سەندیکای زێڕینگران نرخی ئێستای فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیەیە:
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22=692,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21=660,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18=565,000 دینار.