نرخی نەوتی برێنت بۆ کەمتر لە 68 دۆلار دابەزی


رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت، ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا دابەزی، دوای ئەوەی گرووپی ئۆپێک پڵەس بازاڕی سوورپرایزکرد و رۆژی شەممە بڕیاریدا رۆژانە 548 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر لە مانگی داهاتوودا بخەنەڕوو.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ 47 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 67 دۆلار و 83 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 95 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 66 دۆلار و 5 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
تیم ئیڤانس، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئیڤاسن ئێێرجی) رایگەیاند، "زیادکردنی خستنەڕووی نەوت لەلایەن بەرهەمهێنەرانی ئۆپێک پڵەسەوە، ئاماژەیەکی روونە لەسەر ئەوەی ئەو وڵاتانە کەوتوونەتە رکابەری بۆ بەدەستهێنانی پشکی خۆیان لە بازاڕدا، ئەوەش نرخەکانی نەوتی دابەزاندووە." 
 
بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی 8 لەلایەن ئۆپێک پڵەس لە کاتێکدایە، ئەو وڵاتانە بڕیاریاندابوو لە مانگەکانی 5، 6 و 7، رۆژانە 411 هەزار بەرمیل نەوت بخەنەڕوو.
 
بەوپێیەش هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس لەو 2.2 ملیۆن بەرمیلەی کە بە ئەنقەست و خۆبەخشانە لە ساڵانی رابردوودا کەمی کردبووەوە، نزیکەی 80٪ـی تاوەکو کۆتایی مانگی 8 ناهێڵێت.
 
بانکی گۆڵدمان ساکس، پێشبینیکردووە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس لە مانگی 9 دا تەنانەت نەوتی زیاتر دەخاتەڕوو و رۆژانە 550 هەزار بەرمیلی دیکە زیاد دەکات.