نرخی نەوتی برێنت بۆ زیاتر لە 67 دۆلار بەرزبووەوە


رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت رۆژی پێنجشەممە بەڕێژەی 1٪ بەرزبووەوە و هۆکارەکەیشی بەرزبوونەوەی خواستە لەنێوخۆی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی نەوت.
 
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 62 سەنت بەرزبووەوە و بە 67 دۆلار و 51 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 68 سەنت بەرزبووەوە و بە 65 دۆلار و 3 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی چوارشەممە، نرخەکانی نەوت بەڕێژەی 1٪ دابەزین، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشکەوتن لە دانوستاندنی نێوان نوێنەری ئەمریکا و بەرپرسانی رووسیا لەسەر ئاگربەستی ئۆکراینا بەدەست هاتووە.
 
کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەگەری هەیە ترەمپ و پووتین هەفتەی داهاتووو کۆببنەوە.
 
بەپێی زانیاریی وزەی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا سێ ملیۆن کەمی کردووە بۆ 423 ملیۆن بەرمیل. ئەوەش ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لە ئەمریکا.
 
پریانکا ساجێدڤا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (فلیپ نۆڤا) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ناڕوونییەکانی پەیوەست بە پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکا لەسەر وڵاتان، دەتوانێت رێگە لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت بگرێت."