پەرلەمانتارێک: لەگەڵ دەرهێنانی نەوتی گابار تاڵانییەکی زۆریش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی و سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی شرنەخ، لەدوای راگەیاندنی نەوتی یەدەگی گابار لەلایەن حکومەتی تورکیاوە، قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
 
محەممەد زەکی ئیرماز، پەرلەمانتاری دەم پارتی گوتی، حکومەت پێشتریش جەختی لەسەر بوونی یەدەگێکی زۆری نەوت لە گابار کردەوە و گوتی "لەسەر ئەو زانیارییە، حکومەتی تورکیا لە ناوچەکانی بۆتان لەڕێی کۆمپانیای هاوبەشی نەوتی تورکیا (TPAO) دەستی بە گەڕان و پشکنین کرد."
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، "دوو وەزیر لەسەر ئەو قسەیە لێدوانیان دا و لە ئێکس بڵاویان کردەوە، ئێستا بەرهەمی رۆژانە 78 هەزار بەرمیلە، پێشتریش لێدوانی هاوشێوەیان هەبوو. راستی ئێمەش چووینە گابار و لە نزیکەوە چاودێریی کار و چالاکییەکانی ئەوێمان کرد." 
 
محەممەد زەکی ئیرماز نەیشاردەوە لە گابار کار بۆ دەرهێنانی نەوت دەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەو چالاکییە دا تاڵانێکی گەورە لە ناوچەکە دەکرێت و سرووشتەکەی زیانی پێدەگەیێندرێت." 
 
حکومەتی تورکیا سەرەتای ئایاری 2023 دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتی لە ناوچەی گاباری سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان راگەیاند. لەوکاتەوە گوندنشینانی ناوچەکە داوای خزمەتگوزاری و سوودمەندبوونی منداڵەکانیان لە حکومەت دەکەن.
 
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی، پێیوایە حکومەتی تورکیا لەم بابەتەدا خەمساردە و گوتی "گوندنشینەکانی ناوچەی گابار، کە هەندێک گوندی کۆنیش هەن، بەداخەوە ئەو گوند و دەوروبەرەکەی و باخ و باخچەکانی تاڵان دەکرێن. ئەو کرێکارانەش کە لەوێ کار دەکەن، بە گشتی دەڵێن ئێمە رۆژانە نزیکەی 12-14 کاژێر کار دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین نەوتی زیاتر دەربهێنین. ئەم جۆرە کارکردن و پەلەکردنە لە دەرهێنانی نەوتی زیاتر بە راست نازانین، ناشزانین بۆچی پەلە دەکرێت." 
 
لەبارەی خزمەتکردن بە ناوچەی گابار، بەتایبەتی لەدوای دۆزرینەوەی نەوت، ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی باسی لەوە کرد، کێڵگە نەوتەکە سوودێکی بۆ ناوچەکە نییە، ئەو دەڵێ "سێ هەزار کەس کار دەکەن، بەڵام زۆربەیان لە دەرەوەی شرنەخ هێنراون. زۆربەیان کرێکارانی ستافێک بوون کە لە ناوچەکانی وەکو سەمسوور و باتمان هێناویانن. دەتوانین بڵێین لە سێ هەزار کارمەند، 300 کەسیان خەڵکی شرنەخن".
 
بابەتێکی دیکە کە محەممەد زەکی ئیرماز هەڵوەستەی لەسەر کرد، چارەنووسی نەوتەکە بوو، بەگوتەی ئەو؛ حکومەت دەڵێت، ئەو نەوتەی گابار دەگوازرێتەوە بۆ بەندەری جەیهان.
 
ئیرماز هەروەها دەڵێت "38 کیلۆمەتر بۆری دانراوە؛ واتا ئەو نەوتە بە بۆریی دەوڵەت دەیبەنە شوێنێک، ئەو هێڵەی کە لە کەرکووکەوە دێت دەچێت بۆ جەیهان، ئەوانیش بە بۆڕییەک دەیبەن بۆ ئەو هێڵە و نەوتەکە بەو شێوەیە دەبەن بۆ شوێنێکی وەک جەیهان. دەتوانین بڵێین کەنارەکانی مەرسین، بەو شێوەیە کاری پێ دەکەن. ئەوکاتەی کاریان لەسەر دەکرد، ئێمە چووین بۆڕییەکانیشمان بینی، پێم وایە تەواویان کردووە".
 
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی دەڵێت، بەرپرسانی ئاکپارتی بەڵێنیان بە خەڵکی شرنەخ داوە لە پرۆژەکاندا هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنن "ئەوان گوتیان زۆر گەنج لەوێدا دەخرێنە سەر کار. شوێنێکی وەک شرنەخ 120 هەزار گەنجی هەیە. بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەبوونی هەلی کار ئەو گەنجانە بە لێشاو روو دەکەنە گەورەشارەکان. چونکە لە شرنەخ کارگەیەک یانیش شوێنکاری گەورە نییە. زۆرترینی نەوتی تورکیا، لێرە دەردێت لە ناوچەی گابار، راستی پێویستییەک هەیە کە پاڵاوگەیەک لێرە دروست بکرێت. ئەگەر ئەمە نەکرێت، ئەو نەوتە هیچ سوودێکی بۆ ناوچەکە نابێت".
 
سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی شرنەخ: ئارەزووی گەشەپێدانی زیاتر دەکەین
 
عوسمان گەلیش، سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی شرنەخ لەبارەی دەرهێنانی نەوتی شارەکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەم نەوتە، داهاتی دەرهێنراوی ئەو ناوچەیە و بە خۆشحاڵییەوە وەزیری وزە گوتی، 78 هەزار بەرمیل نەوت دەرهێنراوە. رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت، ئارەزوو دەکەین گەشەپێدانی زیاتر ببینین و بگاتە رادەیەک کە 10 هەزار گەنجی ئێمە لەوێ کار بکەن".
 
سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی شرنەخ ئەو بەرهەمی نەوتەی بە دارێکی بەرهەمدار وەسفکرد و گوتی وەک دارێکە کە دوای 3-4 ساڵ، میوەکەی پێبگات.
 
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا رۆژی 7-3-2025 رایگەیاند، بەرهەمی رۆژانە لە کیڵگەی نەوتی گابار، گەیشتووەتەوە 78 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
 
کێڵگەی نەوتیی گابار
 
وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا رۆژی 1ـی کانوونی دووەمی 2024 سەردانی شرنەخی کرد و رایگەیاند، گەورەترین پرۆسەی دۆزینەوەی نەوتیان لە مێژووی کۆماری تورکیادا لەو پارێزگایە دەستپێکردووە.
 
بایراکتار ئاماژەی بەوەدا، دەیانەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی چیای گابار کە زیاتر لە 70 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، بگەیێننە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و پیرۆزبایی لە ستافەکە کرد بۆ ئەو خاڵەی گەیشتوون.
 
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین و، زیاتر لە پارێزگاکانی شرنەخ، سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن. ئەو نەوتەی بەرهەم دێت، بەشێکی زۆر کەمی پێداویستییەکانی ناوخۆی تورکیا دابین دەکات.