لە رانیە نزیکەی هەشت هەزار هەلی کار بۆ هاونیشتمانیان دەڕەخسێندرێت


رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەردی بناخەی كارگەی شەكری بیتوێنی دانا، بەپێی زانیارییەکانی حکومەت، پرۆژەکە هەشت هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت. قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، حكومەت هەموو ئاسانكارییەک بۆ هەموو كۆمپانیا و وەبەرهێنەرێک دەكات پرۆژەی هاوشێوە لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی جێبەجێ بكات.
 
چەند زانیارییەک لەبارەی پرۆژەکە کە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەت بڵاویکردووەتەوە:
 
- كارگەی شەكری بیتوێن دەکەوێتە دەڤەری راپەڕین
 
- ئەم پرۆژەیە هەشت هەزار هەلی كار دەڕەخسێنێت 
 
- پرۆژەکە بەرهەمی كاری هاوبەشی حكومەت و كەرتی تایبەتە
 
لە گوتارێكدا بەبۆنەی دانانی بەردی بناخەی پرۆژەکە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کارگەكەی بە پرۆژەیەکی گەورەی ستراتیژی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق ناوبرد. هاوکات سوپاسی وەزیری کشتوکاڵ و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانیشی كرد لە سەرخستنی پرۆژەكە.
 
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، "حکومەت بە هەموو توانایەوە هانی وەبەرهێنەران و سەرمایەداران دەدات رووبكەنە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی لەپێناو بنیاتنانی ئابوورییەكی بەهێز و سەقامگیر و بەرهەمهێن."
 
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشكرد، پرۆژەی كارگەی شەكری بیتوێن جگە لەوەی "نزیکەی هەشت هەزار هەلی كاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت، كەرتی كشتوكاڵیش هەنگاوێک دەباتە پێشەوە". هاوکات باسی لەوە کرد، ئەوەش "هەر ئەو ئامانجەیە كە پێشتر بەڵێنمان دابوو كاری لەسەر بكەین."
 
لە گوتارەکەیدا، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە تەنیا بەو پرۆژەیە ناوەستن و لەگەڵ وەبەرهێنەرانی دیکە خەریکن بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی هاوشێوە، "بەتایبەت پاش پەسندكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و پرۆژەیاسای بودجە لە هەرێمی كوردستان دەستكراوەتر دەبن بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی گەورە کە هەم هەلی کاری زیاتر برەخسێنێت و هەم ژێرخانی ئابووری بەهێزتر بکات."
 
وەکو قوباد تاڵەبانی ئاماژەی پێکرد، "دەبێت" لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵدا رەچاوی هەموو پێوەرە ستاندارد و زانستییەکان بکرێن "بۆ ئەوەی هەم زۆرترین و باشترین جۆری بەرهەممان هەبێت و هەم کەمترین زیان بە سامانی خاک و ئاو بگەیێنین". داواشیكرد، لە بەکارهێنانی ئاودا رەچاوی باشترین سیستمی ئاودێری بکرێت بۆ ئەوەی کەمترین رێژەی ئاو بە فیڕۆ بچێت کە بەپێی ئاماژەکانی کەشناسی لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان وشکەساڵی راگەیێندراوە.