بودجەیەکی تایبەت بۆ پارێزگاکان تەرخاندەکرێت و هەرێمی کوردستان هیچ پشکێکی نابێت
رووداو دیجیتاڵ
خشتەیەکی تایبەت بە دابینکردنی بودجە بۆ پارێزگاکان لە دەرەوەی بودجەی وەبەرهێنان و بەکاربردن لەنێو بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەریدەخات هیچ بودجەیەک بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین نەکراوە. پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت، "جیاوازییەکی زۆر لەنێوان بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ پارێزگاکان هەیە. هیچ پێوەرێکی روونیش بۆ دابەشکردنی ئەو پارانە نییە."
بەپێی خشتەیەک کە ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق بڵاویانکردووەتەوە و تایبەتە بە تەرخانکردنی بڕی زیاتر لە یەک تریلیۆن و 842 ملیار و 383 ملیۆن دینار بۆ پارێزگاکانی عێراق، لە دەرەوەی بودجەی وەبەرهێنان و بەکاربردنی بودجەی گشتیی عێراق، دەردەکەوێت حکومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی بۆ چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان تەرخان نەکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا نۆ پارێزگای باشووری عێراق کە پارێزگاکانی (نەجەف، بەسرە، زیقار، میسان، واست، کەربەلا، دیوانییە، موسەنا، بابل)ن تەنیا 286 ملیار و 349 ملیۆن و 15 هەزار دیناریان بۆ تەرخان کراوە کە دەکاتە رێژەی 15.5%ی کۆی پارەی تەرخانکراو.
لە کاتێکدا پارێزگاکانی (ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و کەرکووک) بڕی یەک تریلیۆن و 556 ملیار و 34 ملیۆن و 153 هەزار دیناریان بۆ تەرخان کراوە، واتە رێژەی 84.5%ی کۆی پارەکە.
بەو پێیە جیاوازیی نێوان پارێزگاکانی باشوور و پارێزگا رزگارکراوەکان لە دەستی داعش یەک تریلیۆن و 269 ملیار و 822 ملیۆن و 379 هەزار دینارە.
بەپێی ئەو خشتەیەی بڵاوبووەتەوە، پارەکە بەم شێوەیە دابەشکراوە:
پارێزگا رزگارکراوەکانی دەستی داعش:
- ئەنبار: 105 ملیار دینار
- نەینەوا: 105 ملیار دینار
- سەڵاحەدین: 102 ملیار دینار، جگە لە 100 ملیار دینار بۆ سندووقی سامەڕا، 150 ملیار دینار بۆ بەهاناوەچوونی ئاوارەکان، 250 ملیار دینار قەرەبوو کردنەوەی موڵکەکان.
- کەرکووک: 45 ملیار دینار
- دیالە: 24 تریلیۆن و 634 ملیۆن و 153 هەزار دینار
- پارێزگاکانی باشووری عێراق بەم شێوەیە بودجەکانیان بۆ تەرخان کراوە:
- نەجەف: هیچ
- بەسرە: 137 ملیۆن و 241 هەزار دینار
- زیقار: 199 ملیار و 778 ملیۆن و 174 هەزار دینار بۆ سندووقی زیقار
- میسان: هیچ
- واست: هیچ
- کەربەلا: هیچ
- دیوانیە: هیچ
- موسەننا: هیچ
- بابل: 28 ملیار و 216 ملیۆن و 800 هەزار دینار بۆ بەرنامە تایبەتەکان
رۆژی دووشەممە 08-05-2023 یاسر حوسێنی، سەرۆکی فراکسیۆنی ئامالی نیشتمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو خشتەیەی بڵاوبووەتەوە لە دەرەوەی بودجەی پارێزگاکان دەبێت، جیاوازییەکی زۆر لە بڕی تەرخانکراو بۆ بودجەی پارێزگاکان هەیە و دەبێت پێداچوونەوەی پێدا بکرێت، تێبینیی خۆمان لەسەر ئەو خشتەیە داوەتە لیژنەی دارایی و دەبێت بە هەند وەربگیرێت، چونکە بەتایبەت پارێزگاکانی باشوور بەشێکی زۆریان رێژەی هەژارییان لەنێوان 25% بۆ 50% دەبێت."
جگە لەو بودجەیەی بڕیارە تەرخان بکرێت بۆ ئەو پارێزگایانە، بەگوێرەى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق، بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینارە، پێوەرەکانى دیاریکردنى پشکى پارێزگاکان بریتین لە رێژەى هەژارى و ژمارەى دانیشتووان، پڕۆژەکان زیاتر تایبەت دەبن بە ژێرخانى ئابوورى و ئەو ناوچانەى زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە دەکرێنە کارى لەپێشینە، 20%ی پارەى پەرەپێدانى پارێزگاکان بۆ پڕۆژەى نوێ و 80%ی پارەکەى دیکەى بۆ پڕۆژە بەردەوامەکان دەبن.
پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان کە 276 ملیار و 550 ملیۆن دینارە، کێشەیەکى دیکەی بەردەم پڕۆژەیاسای بودجەیە، کە نوێنەرانی کورد لە بەغدا پێیانوایە ئەو بڕە کەمە.