بەشێکی تەماتەی سلێمانی هەناردەی بازاڕەکانی عێراق دەکرێت

رووداو-سلێمانی

هەرزانی نرخی تەماتە وایکردبوو جووتیاران بێئومێد بن لە دۆزینەوەی بازاڕی ناوخۆیی بۆ بەرهەمەکەیان، بەڵام ئێستا دەگوترێت 10%ـی بەرهەمی تەماتەی سلێمانی هەناردەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت و چاوەڕێن رێژەکەش بەرزتر بێتەوە.


سەروەر عەلی بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشبینی دەکەین لە دوای 15ی ئەم مانگەوە ئەو رێژەیە بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت".

سەروەر عەلی، هۆکاری بەرزبوونەی هەناردەی تەماتەی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی، لەم کاتەدا پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، زیاتر پشت بەبەرهەمی تەماتەی قەزای رەبیعە دەبەستن، بەڵام لە دوای 15ی مانگەوە، بەرهەمی ئەو قەزایە روو لەکەمی دەکات، لەدوای ئەو وادەیەش پشت بەبەرهەمی هەرێمی کوردستان دەبەستن.

بەپێی ئاماری سەندیکای عەلوەی سلێمانی، رۆژانە 80 بۆ 100 تۆن تەماتە هەناردەی باشوری عێراق دەکرێت. نرخی یەک کیلۆ تەماتە لە عەلوەی سلێمانی بە کۆ لەنێوان 200 بۆ 300 دینارە، بەڵام لە بازاڕدا بە 500 دینار دەگاتە دەستی کڕیاران. ئەوەش لەکاتێکدایە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی 1-9 وە ، لەپێناو ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ، هاوردەکردنی تەماتەی قەدەخەکرد