نرخی نەوتی برێنت نزیکبووەوە لە 66 دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەهۆی بڕیارەکەی دوێنێی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، بەرزبووەوە.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 34 سەنت بەرزبووەوە و بە 65 دۆلار و 84 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 30 سەنت بەرزبووەوە و بە 62 دۆلار و 17 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دوێنێ بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک پڵەس کۆبوونەوە و بڕیاریان دا لە مانگی داهاتووەوە، رۆژانە 137 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر بخەنە بازاڕەکانەوە.
ئەو بڕە زۆر کەمترە لەو بڕەی لە مانگەکانی پێشوو بڕیاریان لەسەردابوو.
لە مانگی چواری ئەمساڵەوە، بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک پڵەس مانگ لە دوای مانگ، خستنەڕووی نەوتیان زیاتر کردووە، بەڵام بڕی زیادکردنی خستنەڕووی نەوت لە مانگی 10 بەدواوە کەمترە بەراورد بە مانگەکانی رابردوو.
ئۆپێک پڵەس لە مانگی 9 دا بڕی 555 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتری خستەڕوو. لە مانگی هەشتیشدا 411 هەزار بەرمیل بڕی زیادکردنەکان بوو، لەبەر ئەوە بازاڕی نەوت کاردانەوەی بە بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس نیشانداوە.
تۆشیتاکا تازاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (فۆجیتۆمی سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دوای دابەزینە گەورەکانی هەفتەی رابردووی نرخی نەوت، ئەم هەفتەیە بازاڕ هەناسەیەکی ئاسوودەی هەڵکێشاوە بەتایبەتی بڕیارەکەی ئۆپێک ئاماژەیە بۆ ئەوەی رەنگە زیادکردنی خستنەڕووی نەوت لەلایەن بەرهەمهێنەرانی نەوتەوە بەرەو کۆتایی بڕوات."