نرخی نەوت دابەزی؛ هۆکارەکەی چییە؟


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ نرخی نەوت لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، دابەزی.
 
ئێران و ئەمریکا بەڵێنیان داوە بەردەوام بن لە دانوستاندنەکانی نێوانیان. ئەوەش نرخی نەوتی دابەزاندووە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 49 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 67 دۆلار و 56 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 42 سەنت دابەزی و بە 63 دۆلار و 13 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەمریکا و ئێران یەکەم خولی دانوستاندنەکانیان لە رۆژی هەینی بە ئەرێنی ناوزدەکردووە، ئەوەش نیگەرانییەکانی لەسەر سەرهەڵدانی شەڕ و داخرانی گەرووی هوموز کەمکردووەتەوە."
 
نرخەکانی نەوت رۆژی هەینی بەڕێژەی 2٪ دابەزین دوای ئەوەی دوو وڵات دانوستاندنەکانیان بە ئەرێنی ناوزەدکردبوو.