شەڕی نەوتیی رووسیا و سعودیە نرخەکەی 30% دابەزاندووە

رووداو-هەولێر

سعودیە رۆژانە 9 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوتی تاوەکو ئێستا بەرهەمهێناوە و پابەندبووە بە هێشتنەوەی ئەو ئاستە تاوەکو رۆژی هەینی کە کۆبوونەوەکەی بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێک شکستیهێنا.
 
سعودیە رایگەیاند کە لە مانگی داهاتووەوە رۆژانە زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و تاوەکو 11 ملیۆن بەرمیلیش دەتوانێت بەرزی بکاتەوە. سعودیە ئێستا توانای هەیە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بۆ سەرووی 12 ملیۆن بەرمیل بەرزبکاتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە رووسیا رۆژانە 11 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و توانای زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی وەک سعودیە نیە و تەنیا دەتوانێت رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر بەرهەمبهێنێت.
 
لە کۆبوونەوەکانی چەند رۆژی رابردووی ئەندامانی ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێک ئەندامانی ئۆپێک بە سەرۆکایەتی سعودیە داوایان لە رووسیا کرد کە پێکەوە رۆژانە 1 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر کەمبکەنەوە بەچەشنێک ئەندامانی ئۆپێک رۆژانە 1 ملیۆن بەرمیل و ئەندامانی دەرەوەی ئۆپێک رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت کەمبکەنەوە، بەڵام رووسیا پێشنیازەکەی سعودیەی رەتکردەوەو لەبەر ئەوەش نرخی نەوت لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا بەرێژەی 30% دابەزی و تاوەکو کاژێر 15:00 لە نزیک 35 دۆلار و 51 سەنتە.
 
یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت لە رۆژی دووشەممەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سعودیە نرخی نەوتی خۆی لە بازاڕەکانی ئاسیا بە داشکانی 6 دۆلار تاوەکو 8 دۆلار دەخاتەڕوو.
 
لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەکانی رووسیا و سعودیە بەردەوامە و بەپێی هەندێ لە شارەزایان ئەم سیاستە نوێیەی سعودیە بەتەنیا تاکتیکێکی نوێیە بۆ دانوستاندن لەگەڵ رووسیا ئەگەر نا ئەستەمە سعودیە بتوانێ لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت.