نرخی نەوتی برێنت 3 دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوتی برێنت رۆژی هەینی بەڕێژەی 3٪ بەرزبووەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر یەکدی، بەڵام لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا نرخی نەوت زۆربەی قازانجەکانی لەدەستدا بەو هیوایەی کە ئەگەری رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا دەتوانێت تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتییە نەوتییەکان بکاتەوە.
سەرەڕای پێکدادانەکانی چەند رۆژی رابردوو، ئەمریکا رایگەیاندووە، چاوەڕێی وەڵامی ئێران دەکەن بە پێشنیازەکانیان و ئەگەری کۆتاییپێهێنان بە جەنگ لە ئارادایە.
رۆژی هەینی نرخی نەوتی برێنت نزیکەی 3 دۆلار دابەزی و یەک بەرمیلی بە 100 دۆلار و 31 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 2 دۆلار و نیوی لێ بووەوە و بەرمیلێکی بە 94 دۆلار و 57 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
جۆن کیلدۆڤ، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای راوێژکاریی ( ئێگەین کاپیتاڵ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دانووستاندنەکان گەیشتوونەتە قۆناخێکی هەستیار، یان رێککەوتنێک دەکرێت یان جەنگ دەستپێدەکاتەوە".
کیلدۆڤ دەڵێت، زۆرجار گەیشتووینەتە ئەو ساتە هەستیارە کە هەم ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ هەبووە و هەمیش ئەگەری ئاشتی هەبووە.
فیل فلین، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( پرایس فیوچەرز گرووپ) لەوبارەیەوە رایگەیاند، "هێشتا چاومان لە هێدلایەنەکانە و ئەوەی کە ئایا کەشتیە نەوتییەکان دەتوانن بە تەنگەی هورمزدا هاتووچۆ بکەن."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، سەرەڕای پێکدادانەکان هێشتا ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران هەیە.