بازرگانانی كوردستان بەشداری زنجیرەیەك پێشانگە و كۆنفرانس دەكەن
رووداو- سلێمانی
بازرگانانی هەرێمی كوردستان بەشداری زنجیرەیەك پێشانگە و كۆنفرانس دەكەن لە وڵاتانی دەرەوە، پێشبینی واژۆكردنی گرێبەست و پڕۆتۆكۆڵیش دەكرێت.
بەختیار مەلا ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی یەكێتی هاوردە و هەناردنكارانی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لەم مانگەوە ئەندامانیان بەشداری لە زنجیرەیەك پێشانگە و كۆنفرانسی بازرگانی دەكەن.
گوتیشی "پێشانگە و كۆنفرانسەكان لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئەمەریكا و ئێران سازدەكرێن و لە ئێستاشەوە لە ئامادەكاریداین بۆ ئەوەی شاندەكانمان بەشدارییان تێدا بكەن".
بەگوتەی ناوبراو، پێشبینی دەكرێت لە هەندێكیشیاندا پڕۆتۆكۆڵ و گرێبەستی بازرگانی لەنێوان بازرگانانی كوردستان و ئەو وڵاتانەدا واژۆبكرێت.