هەناردەکردنی نەوتی رووسیا لەڕێگەی ئۆکرایناوە بەهۆی گەمارۆکانەوە وەستا
رووداو-هەولێر
هەناردەکردنی نەوتی رووسیا بۆ سێ وڵاتی ئەوروپی لەڕێگەی ئۆکرایناوە بەهۆی گەمارۆکانی رۆژئاوا و ئۆکرایناوە وەستا.
رۆژی سێشەممە 9ـی ئابی 2022، کۆمپانیای ترانسنەفتی رووسیا رایگەیاند، "هەناردەکردنی نەوتی رووسیا لەڕێگەی ئۆکرایناوە وەستێندرا." ئەو سێ وڵاتەی کە هەناردەکردنی نەوتیان بە خاکی ئۆکراینادا بۆ راگیرا، بریتین لە هەنگاریا، سلۆڤاکیا و کۆماری چێک.
ترانسنەفت گوتیشی، هەناردەکردن بۆ پۆڵەندا و ئەڵمانیا بە خاکی بێلاڕووسدا بەردەوامە.
لەوەتەی ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئۆپەراسیۆنە "تایبەتەکە"ـی بۆ ئۆکراینا دەستپێکردووە، واشنتن و برۆکسل سزای مۆسکۆیان داوە و رووسیا لە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان دابڕاوە.
لە ساڵی 2021 یەکێتیی ئەوروپا 29٪ـی نەوتەکەی لە رووسیاوە هەناردەکردووە و ئەمساڵ بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە پێشبینی دەکرێت یەکێتیی ئەوروپا دووچاری قەیرانی وزە و سووتەمەنی ببێتەوە.