رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە گرێبەستەکانی ئێستا لە بازاڕەکانی جیهاندا ئۆنسەیەکی بە نزیکەی 3400 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەڵام لە گرێبەستەکانی داهاتوودا نرخی کانزا زەردەکە رۆژی هەینی بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 12 ـی ئەم ساڵدا بەرزبووەوە بۆ 3534 دۆلار، بەڵام دوای داخستنی بازاڕەکان ئۆنسەیەکی بە 3491 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
هۆکاری بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەزگای پاراستنی گومرگ و دەروازەکانی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، کە زێڕ بەدەر ناکرێت لە پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا لەسەر وڵاتی سویسرا، ئەوەش نرخی زێڕی لە گرێبەستەکانی داهاتوودا نریک کردەوە لە 3540 دۆلار، بەڵام پاش روونکردنەوەی کۆشکی سپی، نرخی زێڕ دابەزی.
کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا هەوڵی دا گومرگی ئەمریکا راستبکاتەوە و رایگەیاند کە بەو زووانە لەڕێگەی فەرمانێکی سەرۆکایەتییەوە، روونکردنەوە لەسەر زانیارییە هەڵەکان لەبارەی زێڕەوە دەدات.
ئەوەش بووە هۆکار دواجار، زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە 3491 دۆلار مامەڵەی پێوەبکرێت.
کرسیتۆف وایڵد، سەرۆکی رێکخراوی کانزا گرانبەهاکانی سویسرا لەوبارەیەوە رایگەیاند، "زۆر نیگەرانین لە گۆڕانکارییەکان و کاریگەرییەکانی پێناسە گومرگییەکان بەسەر ئاڵوگۆڕی زێڕی فیزیکی لە نێوان وڵاتەکەمان و ئەمریکا دا".
سەرۆکی ئەمریکا بەڕێژەی 39٪ پێناسی گومرگی بەسەر سویسرا سەپاندووە و گومرگی ئەمریکاش رایگەیاندووە، "قاڵبی زێڕی یەک کیلۆیی و قاڵبی 100 ئۆنسی لە پێناسە گومرگییەکان بەدەرناکرێن." ئەوەش نرخی زێڕی لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ