ئەم هەفتەیە 700 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیاران خەرج دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

ئەم هەفتەیە بڕی 700 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیاران خەرج دەکرێت. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵەی عێراق رایدەگەیێنێت "لە سێ رۆژی داهاتوودا جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەتوانن شایستە داراییەکانیان وەربگرن."
 
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە لە عێراق، میوانی بووڵەتنی ئابووری کاژێر 9:00بەیانی رووداو بوو، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "سوودانی پێی گوتووین گرنگی بە بەرهەمی گەنمی جووتیاران بدەن بە تایبەتی هەرێمی کوردستان."
 
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە لە عێراق دەڵێت: "ئەمڕۆ نوێنەری هەرێمی کوردستان بۆ خەرجکردنی شایستەی دارایی جووتیاران لە بەغدایە و چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی کوردستان وەردەگرێت، هەموو لایەکمان ئاگەدارکردووەتەوە کە لە دوو رۆژدا کارەکانی پێدانی پارەی جووتیاران تەواوبکەن و لە سێ رۆژی داهاتوودا پارەی گەنمی جووتیارانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەش بکەن". ئەمەش یەکەم جارە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا شایستەی دارایی گەنمی جووتیاران خەرج بکرێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە لە عێراق رەتیدەکاتەوە جیاوازی لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرابێت لە وەرگرتنی بڕی گەنم، گوتی: گوێرەی ئەو هەڵسەنگاندنەی بۆ حەوت پارێزگای عێراق کردبوومان، 12٪ بەرهەمیان زیاتر بووە لە پار، ئێمە هەرکات پێویستمان بە گەنم بێت لە هەرێمی کوردستان وەریدەگرین، هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە گەنم بێت، بۆیان دەنێرین و ئەمساڵ لە واستەوە گەنممان بۆ سلێمانی و دهۆک ناردووە.
 
گوتیشی: "ئێمە ساڵانە پێویستمان بە  چوار ملیۆن و 600 هەزار تۆن گەنمە، ئەمساڵ بەتەنیا هەرێمی کوردستان، سێ ملیۆن تۆن بەرهەمی گەنمی هەبووە".
 
عێراق توانای یەک ساڵ هەڵگرتنی گەنمی هەیە
 
لە وەرزی دروێنەی ئەمساڵ دا، 5 ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنم رادەستکرا، لەکاتێکدا پێشتر وەزارەتی بازرگانیی عێراق پلانی وەرگرتنی 4 ملیۆن تۆن گەنمی هەبوو. جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ 500 هەزار تۆن گەنمیان بە بەهای 400 ملیار و 24 ملیۆن و 69 هەزار دینار رادەستی سایلۆکان کرد.
 
حەیدەر نووری گەرعاوی دەڵێت: "توانای کۆگەکردنی نزیکەی پێنج ملیۆن تۆن گەنممان هەیە، بەوەش دەتوانین بۆ یەک ساڵ گەنم کۆگە بکەین، عێراق پێویستی زۆری بە یەدەگی ستراتیژی گەنم هەیە، بەهۆی ئەو بڕە گەنمەی هەمانە؛ نرخی ئارد لە عێراق لە هەموو جیهان هەرزانترینە و ئێستا نرخی فەردەیەک ئارد 15 هەزار دینارە."
 
بۆ بەشە ئاردی مانگانە، عێراق پێویستی بە زیاتر لە 460 هەزار تۆن گەنمە و هەر هاووڵاتییەک مانگە 9 کیلۆ ئارد وەردەگرێت. کە ساڵانە دەگاتە زیاتر لە چوار ملیۆن تۆن ئارد. لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە دوو ملیۆن تۆن ئاردی سفر هاوردەی عێراق دەکرێت، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە لە عێراق دەڵێت: "ئێمە هیچ بڕە ئاردێکی سفر هاوردە ناکەین، ئەوانەی هاوردەی دەکەن کەرتی تایبەتن، ئەگەر پێویست بێت؛ ئێمە گەنم لە ئەمریکا و ئوسترالیا هاوردە دەکەین."