"ئەمساڵ یەك ملیۆن سۆبەی كارەبایی لە كوردستان فرۆشراون"
رووداو- هەولێر
دابەزینی پلەكانی گەرما و سستی لە دابەشكردنی بەشە نەوتی هاووڵاتیان، بازاڕی سۆبەی كارەبایی لە هەرێمی كوردستان گەرم كردووە، بەگوتەی بازرگانان لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا یەك ملیۆن سۆبەی كارەبایی لە هەرێمی كوردستان فرۆشراون، بەهۆی بەكارهێنانی ئەم سۆبانەش گوشارێكی زۆر كەوتووەتە سەر كارەبا.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هیچ داتایەكی نییە لەبارەی ئەوەی ساڵانە چەند سۆبە هاوردە دەكرێ، بەڵام زیاتر لە 50 بازرگان و كۆمپانیای بازرگانی سۆبەی كارەبایی هاوردە دەكەن، ئەمەش كێبڕكێی زۆری خستووەتە نێوان بازرگانان و بەردەوام بە دیزاین و جۆری تازە سۆبە دەخەنە بازاڕەوە.
كۆمپانیای نەوال كە بنكەی سەرەكی لە شاری هەولێرە، یەكێكە لەو كۆمپانیایانەی زۆرترین سۆبەی كارەبایی لە چین هاوردە دەكات. بە گوتەی بەڕێوەبەری ژمێریاری كۆمپانیاكە، ساڵانە 700 تاوەكو 800 هەزار سۆبەی كارەبایی هاوردە دەكەن.
موحسین یەڵماز، بەڕێوەبەری ژمێریاری و بەبازاڕكردن لە كۆمپانیای نەوال بە (رووداو)ی گوت: "ئەمساڵ خواستێكی یەكجار زۆر لەسەر سۆبەی كارەبایی هەبوو، بۆیە لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگدا زیاتر لە 400 هەزار سۆبەی كارەباییمان فرۆشت، نزیكەی 350 هەزار سۆبەی دیكەشمان لە شارەكانی بەغدا و بەسرا و نەجەف فرۆشتووە".
موحسین گوتیشی: "بۆمان دەركەوتووە ئەمساڵ نزیكەی یەك ملیۆن سۆبەی كارەبایی لە هەرێمی كوردستان فرۆشراوە. هێشتاش خواستی لەسەر ماوە، بەڵام بەهۆی تێپەڕبوونی كات و ترسی نەفرۆشران، كۆمپانیاكەمان نایەوێت ئەمساڵ چیدی سۆبە هاوردە بكات".
ئەو سۆبە كارەباییانەی ئەمساڵ كۆمپانیای نەوال لە چین هاوردەی كردوون، زیاتر لە 20 جۆر بوون، نرخیشیان لە نێوان 7 تاوەكو 52 دۆلاردا بووە.
موحسین دەڵێت: "سۆبەی كارەبایی نرخی هەرزانە، بۆیە ژمارەیەكی زۆر لە بازرگان و كۆمپانیا بازرگانییەكان بەناو و لۆگۆ و دیزاینی جیاواز ساڵانە لە چین و توركیاوە سۆبەی كارەبای دێنن، بەڵام هیچیەك لەو كۆمپانیایانە نەیانتوانیوە كاریگەری لەسەر قەبارەی فرۆشمان دانێن، چونكە ئێمە پێش فێڵی بازرگانان كەوتووین. سەرەتا هەندێكیان تەقلیدی دیزاینەكانی ئێمەیان دەكردەوە، بۆ ئەوەی سۆبەكانمان لە تەقلید دووربن، هەموو ساڵێك گۆڕانكاری لە رەنگ و دیزاینی سۆبەكانمان دەكەین، كڕیارەكانیشمان لە دیزاین و نرخەكان رازین".
زۆرترین فرۆشی كۆمپانیای نەوال لەو جۆرە سۆبانەیە كە نرخیان لە نێوان 7 بۆ 22 دۆلارە. جگە لە كۆمپانیای نەوال، كۆمپانیای گۆسۆنیكیش فرۆشی لە سۆبەی كارەبایی باشە، ئەوانیش رازین لە بازاڕی ئەمساڵیان.
كاروان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری فرۆشتن لە كۆمپانیای گۆسۆنیك، دەڵێت: "ئێمە سۆبە لە چین و توركیا دروست دەكەین، سۆبەكان كواڵیتییان باشە و نرخیشیان گونجاوە، هەرچەند هێشتا وەرزی فرۆشتن ماوە، بەڵام ئەو سۆبانەی ئەمساڵ هاوردەمان كردوون، فرۆشتوومانن، تا ئێستاش خواست هەر ماوە، بریكارەكانمان بەردەوام داوای دەكەن".
كۆمپانیای گۆسۆنیك بۆ وەرزی سەرمای ئەمساڵ حەوت مۆدیلی تازەی سۆبەی خستبووە بازاڕەوە كە چواریان چینی بوون و سێیەكەی دیكە توركی. نرخیشیان لە نێوان 6.5 تاوەكو 43 دۆلار بووە.
وەرزی فرۆشتنی سۆبەی كارەبایی كەمە، بۆیە سەرجەم كۆمپانیاكان بەگوێرەی قەبارەی فرۆشی خۆیان، ساڵانە سۆبە هاوردە دەكەن.
كاروان عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئەگەر تا كۆتایی ئەم مانگە سۆبەكان نەفرۆشرێن، دەبێت تا ساڵی داهاتوو لە كۆگا بكەوێت و پارەكەی دەمرێت، ساڵی داهاتووش مۆدیلی تازە دەكەوێتە بازاڕەوە، بۆیە هەر كۆمپانیایەك بەگوێرەی قەبارە و توانای دارایی خۆی ساڵانە سۆبە هاوردە دەكات، ساڵی وا هەیە فرۆش باش نییە و دەمێنێتەوە و ساڵی واش هەیە خواست هێندە زۆرە سۆبە بەرناكەوێت".
كاروان عەبدوڵڵا و بازرگانەكانی دیكە دەزانن ئەو سۆبەیەی ئەوان هاوردەی دەكەن باری كارەبای كوردستان هێندەی دیكە قورس دەكات، بەڵام كاروان دەڵێت: "بازرگان بەدوای قازانجدا دەگەڕێت، كاتێك خواست لە بازاڕ هەبێت، حكومەتیش رێگری نەكات، ئیدی بازرگان بۆ نەیكات".
هەرێمی كوردستان خاوەنی 14 وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای هەیە، ئەگەر سەرجەمیان كاربكەن، توانای بەرهەمهێنانی 6.737 میگاوات كارەبایان هەیە، ئێستا بەهۆی گرفتی دابیننەكردنی سووتەمەنی كارناكەن، بۆیە بڕی كارەبای بەرهەمهێنراو لەنێوان 3.200 تاوەكو 3.500 مێگاواتە.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا، رێگەدان بە هاوردەكردنی ئەم ژمارە زۆرەی سۆبای كارەبایی بە "كفر" دەزانێ و دەڵێت: "لەگەڵ دابەزینی پلەكانی گەرما، ئامێرەكانی گەرمكردنەوە گوشارێكی بێ ئەندازە دەخەنە سەر تۆڕی كارەبا، ئەو سۆبانە نرخیان زۆر هەرزانە، بۆیە هەر ماڵێك چەند دانەیەك دەكڕێ، سیستمی كاركردنیشیان زۆر خراپە، بۆ نموونە كە شوێنەكە گەرم بوو، ئۆتۆماتیك ناكەن، بۆیە لۆدەكە لەسەر سیستەمی كارەبا بەردەوام دەبێت".
ئومێد گوتیشی: "بەدەیانجار داوامان لە هەردوو وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی و دارایی و ئابووری كردووە سنوورێك بۆ هاوردنی ئامێری گەرمكەرەوە دابنێن، چونكە رێگەدان بەهاوردەكردنی ئەو ئامێرانە بەو قەبارە گەورەیە كفرە".
هاوشێوەی فرۆشی سۆبەی كارەبایی، سۆبەی نەوتیش ئەمساڵ فرۆشی باش بووە، بەڵام بەهۆی داخستنی بەندەری ئوم قەسر لەلایەن خۆپیشاندەرانی بەسرەوە، بازرگانان نەیانتوانیوە بارەكانیان لەكاتی خۆی بگەیەنن.
یوسف محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سیتا بۆ بازرگانی گشتی و هاوردەكردنی سۆبەی نەوت كە بریكاری گشتی كۆمپانیای تۆربۆی یابانییە لە عێراق و هەرێمی كوردستان، دەڵێت: "هەرچەندە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو پلەكانی گەرما زۆر دانەبەزیوە، بەڵام ئەمساڵیش خواست لەسەر فرۆشی سۆبەی نەوت باش بوو، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو نزیكەی 100 هەزار سۆبەی نەوتی فرۆشراوە".
یوسف محەممەد، نموونەی بە كۆمپانیاكەی خۆی هێنایەوە گوتی: "ساڵانە بەپێی خواستی بازاڕ 25 تاوەكو 30 هەزار سۆبەی نەوتی لە 10 تاوەكو 12 جۆر دەفرۆشین، ئەمساڵ تا ئێستا نزیكەی 25 هەزار دانەمان فرۆشتووە، خواستیش زۆرە، بۆیە ئەگەر سۆبەكانمان بگات، دڵنیاین ئەوانیش دەفرۆشرێن".
تێچوویان لە نەوت زیاترە
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەڵێت: "خەڵك وا هەست دەكەن بەكارهێنانی سۆبەی كارەبایی تێچووی كەمترە، بەڵام تێچووی گەرمكردنەوەی ژوورێكی سێ بە چوار بەم گەرمكەرەوانە 8 بەرامبەری تێچووی گەرمكردنی هەمان ژوورە بە نەوت".
گوتیشی: "ئەو گوشارەی گەرمكەرەوەكان لەسەر سیستەمی كارەبا دروستیان كردووە نزیكەی 9 كاژێر كارەبای نیشتمانی كەمكردووەتەوە، چونكە پێش 15/11 لە شەو و رۆژێكدا 21 سەعات كارەبامان دەدا، ئێستا دەتوانین تەنیا 10 بۆ 12 سەعات كارەبا بدەین".