سۆناتا باشترین ئۆتۆمبێلی ئابووری ئەمەریكا بووە
رووداو - YONHAP NEWS AGENCY
كۆمپانیای هیوندای مۆتۆرزی كۆریای باشوور رایگەیاند، "ئۆتۆمبێلی جۆری سۆناتا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا بەباشترین ئۆتۆمبێلی ئابووری دەستنیشانكراوە".
ئەو كۆمپانیایەی ئۆتۆمبێل، كە بەباشترین ئۆتۆمبێل لەكۆریای باشوور دادەنرێت، لەبەیاننامەیەكیدا روونیكردووەتەوە، كە " خەڵاتی باشترین ئەدای ئۆتۆمبێلی ئابووری بۆ 2015 بەخشراوەتە بەرهەمی هیوندای مۆتۆرز".
ئەو خەڵاتەش، كە لەلایەن گرووپی زانستی ئۆتۆمبێلی ئەمەریكی (ئەی ئێس جی)ــەوە ئامادە دەكرێت، ئاماژەی بەوەداوە "هیوندای سۆناتا كەمترین خەرجیی هەبووە لەرووی سووتەمەنی بەنزینو نرخو كواڵیتی گشتی ئۆتۆمبێلدا".
ساڵانە گرووپی زانستی چەندین ئۆتۆمبێل دەخاتە ژێر تاقیكردنەوەی زانستی بۆ ئەوەی وەك باشترین ئۆتۆمبێلی ئابووری خەڵاتیان بكات.
لەمساڵەشدا هیوندای سۆناتا بەپلە یەكەم لەپێش 60 جۆری دیكەی ئۆتۆمبێل بووە، كە لەنێویاندا ئۆتۆمبێلی تۆرسی فۆرد و شۆڤرلێت و ئیمپالا هەبوون.
هیوندای مۆتۆرز ئەوەشی راگەیاندووە، " پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ فرۆشتنی سۆناتا ئاستێكی بەرز تۆمار بكاتو رێژەی گەشەكردنیشی، كە ساڵی رابردوو 6.5 بووە، زیادبکات".