داڕمانی نرخی نەوت عێراق رووبەڕووی کورتهێنانێکی گەورە لە بودجەدا دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
داڕمانی نرخی نەوت بۆ کەمترین ئاستی چوار ساڵی رابردوو، زەنگی مەترسی بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی وەکو عێراق لێدا کە داهاتیان بەزۆری لەڕێگەی نەوتەوە بەدەستدێت.
نرخی نەوتی برێنت پێش نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە داڕما بۆ 58 دۆلار و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش دابەزی بۆ 55 دۆلار. جێبەجێکردنی پێناسە گومرکییە پێچەوانەکان لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، بە هۆکاری داڕمانی نرخەکانی نەوت دادەنرێت.
پێناسە گومرکییە پێچەوانەکانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە کاتژێر 7:00ـی بەیانی بەکاتی هەولێر چوونە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام داڕمانی بازاڕە داراییەکان هێندە گەورەبوون کە شەوی چوارشەممە سەرۆکی ئەمریکای ناچارکرد پاشگەزبێتەوە لە جێبەجێکردنیان.
پاشگەزبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا لە جێبەجێکردنی پێناسە گومرکییەکان لەسەر 75 وڵاتی جیهان جگە لە چین، شەوی چوارشەممە ئاراستەی نرخی نەوتی گۆڕی و بەرەو بەرزبوونەوە هانی دا.
نرخی نەوتی برێنت لەکاتی داخستنی بازاڕەکان لە رۆژی چوارشەممە بەرزبووەوە بۆ 66 دۆلار. نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش لەکاتی داخستندا بەرزبووەوە بۆ 63 دۆلار.
بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخەکانی نەوت نەیانتوانی درێژە بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی پێشوویان بدەن و دووبارە دابەزینەوە.
نرخی نەوتی برێنت کاژێر 10:00ی بەیانی بەکاتی هەولێر بە 65 دۆلار و 10 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە 62 دۆلار و چوار سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئاستەکانی ئێستا کێشەی گەورەی کورتهێنانی بودجە بۆ عێراق و بەرهەمهێنەرانی دیکەی نەوت دروستدەکات. بۆ نموونە نەوتی سووکی عێراق بە 5 دۆلار کەمتر لە نرخی نەوتی برێنت دەفرۆشرێت. نرخی نەوتی قورسی بەسرە تەنانەت 7 دۆلار کەمتر لە نرخی نەوتی برێنت دەفرۆشرێت.
دابەزینی 1 دۆلار لە نرخی نەوت، رۆژانە داهاتی عیراق بەبڕی 3.5 ملیۆن دۆلار، مانگانە 105 ملیۆن دۆلار و ساڵانە یەک ملیار و 260 ملیۆن دۆلار دادەبەزێنێت.
حکومەتی عیراق بودجەی خۆی لەسەر نرخی نەوتی 70 دۆلاری داناوە.
ئەگەر نرخی نەوتی برێنت لە نزیکەی 65 دۆلار مامەڵەی پێوەبکرێت، بەو مانایەیە کە نرخی نەوتی عێراق بەنزیکەی 60 دۆلار دەفرۆشرێت کە 10 دۆلار کەمترە لەوەی لە بودجەدا دانراوە.
کەمبوونەوەی 10 دۆلاری نرخی نەوت، 12.6 ملیار دۆلار واتا 16.4 تریلیۆن دۆلار کورتهێنان لە بودجەی ساڵانەی عێراقدا دروستدەکات.
جگە لە شەڕی بازرگانی، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت، بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی گرووپی ئۆپێک پڵەسە لەسەر زیادکردنی رۆژانە 411 هەزار بەرمیل نەوت لە بازاڕدا لە مانگی پێنجی ئەمساڵەوە.
بانکی گۆڵدمان ساکسی ئەمریکی پێشبینییەکانی بۆ نرخی نەوت لە ئەمساڵدا بەخێرایی گۆڕیوە.
ئەو بانکە گەورەیەی جیهان پێشبینی کردووە، نرخی نەوتی برێنت و تەکساس تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بە 62 دۆلار و 58 دۆلار مامەڵەیان پێوەبکرێت. بانکەکە پێشبینی کردووە، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، نرخی نەوتی برێنت بە 55 دۆلار و سووکی تەکساسیش بە 51 دۆلار مامەڵەیان پێوەدەکرێت.
ئەگەر پێشبینییەکانی گۆڵدمان ساکس بەدیبێت و نرخی نەوتی برێنت دابەزێت بۆ 55 دۆلار لە کۆتایی ساڵی داهاتوودا، ئەوا نرخی نەوتی عێراق دادەبەزێت بۆ 50 دۆلار کە 20 دۆلار کەمترە لە 70 دۆلاری پێشبینیکراو لە ناو بودجەدا. ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی کورتهێنانی بودجەی عێراق دوو هێندە بەرزبێتەوە بۆ 25.2 ملیار دۆلار. یان نزیکەی 33 تریلیۆن دینار.
رۆبین میڵز، بەڕێوەبەری کۆمپانیای قەمەر ئێنیرجی و شارەزای وزە بە رووداوی گوت، "سیاسەتی پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکا، بازاڕی نەوتی شڵەژاندووە."
ئەو شارەزایە پێشبینی دەکات، نرخی نەوت هێشتا دابەزێت بۆ کەمتر لە ئاستەکانی ئێستا تاوەکو ئەو کاتەی کە بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک پڵەس بڕیاری بەپەلە دەدەن و خستنەڕووی نەوت لە بازاڕدا کەمدەکەنەوە.
رۆبین میڵز پێشبینیی ئەوەش دەکات نرخی نەوتی برێنت لە 65 دۆلاری ئێستا دابەزێت بۆ نزیکەی 60 دۆلار لە کۆتایی ئەمساڵدا.