"دەیان کۆمپانیای نەوت ناویان تۆمارکردووە بۆ کڕینی نەوتی کوردستان"


رووداو- هەولێر

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دەیان کۆمپانیا ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ کڕینی نەوتی کوردستان. بەڵام جەختدەکاتەوە، کە هەرێمی کوردستان نەوتی خۆی رادەستی سۆمۆ دەکات.

دڵشاد شەعبان ، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان ، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان پابەندە بە رێککەوتنەکەی لەگەڵ بەغدا و نەوتەکەی هەناردە دەکات، ئەوەی کە لەسەری رێککەوتوون بە بەردەوامی رادەستی سۆمۆی دەکات، بەڵام ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی حکومەتی بەغدا دەکات بزانێت وەڵامی فەرمی ئەوان چییە بۆ ئەوەی کە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان وەک خۆی نانێرن".

بە گوتەی دڵشاد شەعبان حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت پابەندی رێککەوتنەکە نەبێت و رایدەگەیێنێت: "بە روونی لە ماددەی 10-ی یاسای بودجەی ساڵی 2015 هاتووە کە هەر لایەنێک پابەندی رێککەوتنەکە نەبێت، ئەوە لایەنەکەی دیکەش پابەند نابێت بەو رێککەوتنەوە و لە رووی یاساییەوە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت نەوتەکە رابگرێت".

لە وەڵامی ئەوەی ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت خۆی نەوتی خۆی بفرۆشێت و نەوتەکەی کڕیاری هەیە؟، دڵشاد شەعبان دەڵێت:" حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 22-5-2014ەوە دەستیکردووە بە فرۆشتنی نەوتی خۆی، عێراق زۆر هەوڵیداوە کە رێگر بێت، بەڵام هەموو هەوڵەکانی شکستیهێناوە، نەوت کاڵایەکە وەک هەر کاڵایەکی دیکە، یەک سەنت هەرزانتر بیفرۆشیت دەیان کۆمپانیا ئامادەن نەوتەکەی تۆ بکڕن، ئێستا لیستێکی مەزن لە ناوی ئەو کۆمپانیا نەوتییانە لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانە، کە ناوی خۆیان تۆمارکردووە و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە نەوتی کوردستان بکڕن، لە رووی فرۆشتنی نەوتەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا هیچ کێشەیەکی نییە و زۆر بە ئاسانی دەتوانێت نەوتی خۆی بفرۆشێت".

هەفتەی رابردوو، بەغدا 543 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان نارد، ئەو پارەیە لەبری ئەو رێژە نەوتەیە کە لەمانگی نیسان هەولێر لەرێی بەغداوە هەناردەی کردووە. بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێن بەغدا پارەیەکی کەمی ناردووەو دەبووایە 800 ملیار دینار بنێرێ، بەغداش تاوەکو ئێستا بێ وەڵامە.