ئاڵۆزییەكانی نەینەوا قەیرانی بەنزین لە هەولێر دروست ناكات
رووداو - هەولێر
بەڕێوەبەری دابەشكردنی نەوت و گاز لە شاری هەولێر دەڵێت گرژی و ئاڵۆزییەكانی شاری موسڵ كاریگەریی لە سەر سیستەمی دابەشكردنی بەنزین لە پارێزگای هەولێر دروست ناكات.
ئاری كاكە شین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاڵۆزی و گرژییەكانی شاری موسڵا بە هیچ شێوەیەك كاریگەریی لەسەر دروستكردنی قەیرانی بەنزین لە شاری هەولێر نابێت و سیستەمەكە وەك خۆی دەبێت. جەختیكردەوە ئەو بڕە بەنزینەی كە رۆژانە بۆ هەولێر دیاریكراوە وەك خۆیەتی و هیچ لێی كەمنەكراوەتەوە.
بەهۆی دروستبوونی ئەو گرژیی و ئاڵۆزیانەی شاری موسڵ و دەستبەسەرداگرتنی پارێزگاكە لەلایەن گرووپی داعشەوە، ئەمڕۆ كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی بەنزین لە شاری دهۆك دروستكردو ژمارەیەكی زۆر لە ئۆتۆمبێل لە بەردەم بەنزینخانەكان بۆ وەرگرتنی بەنزین وەستان.
پێشتر لە هەرێمی كوردستان بەهۆی پێدانی بەنزین بە پسووڵە هاووڵاتیان لەبەردەم بەنزینخانەكان بۆ ماوەیەكی زۆر دەوەستان، بەڵام دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان نرخی بەنزینی یەكخست، ئەو گرفتە چارەسەركرا.