کشتوکاڵی کرماشان: بەرهەمی زەیتوون بەهۆی وشکەساڵییەوە 50٪ کەمبووەتەوە


رووداو- هەولێر 

کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان دەڵێت، بەرهەمی زەیتوونی ئەمساڵی ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی وشکەساڵییەوە 50٪ کەمبووەتەوە.
 
رەحمان فەیز قوربانی، بەڕێوەبەری بەشی باخەکانی رێکخراوی کشتوکاڵی کرماشان رۆژی شەممە، 10-9-2022 رایگەیاند، لە ساڵانی رابردوودا چوار هەزار تۆن زەیتون لەو پارێزگایە بەرهەم دەهات، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە بەرهەمی ئەمساڵی نزیکەی دوو هەزار تۆن دەبێت.
 
بەشی زۆری باخە زەیتوونەکانی پارێزگای کرماشان لە ناوچەی رێژاوی سنووری شاری داڵاهۆوە، بەڵام لە سنووری حەوت شاری دیکەی ئەو پارێزگایەدا باخە زەیتوون هەیە.
 
نیوەی بەرهەمی زەیتوونی کرماشان لە قوتو دەکرێت و نیوەکەی دیکەی رۆنی لێ بەرهەم دەهێندرێت.
 
تورەج خانزاد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی قەیران و کەمکردنەوەی مەترسییەکان سەربە رێکخراوی کشتوکاڵی کرماشان هەفتەی رابردوو گوتی، وشکەساڵیی پارێزگاکە زۆر کاریگەر بووە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی کرماشان زیاتر لە 800 هەزار تۆن کەمبکات و زیانەکەشی بە 357 ملیۆن دۆلار خەمڵاند.