راوێژکارێکى سوودانى لە دیداری مێری: پێویستە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێنینە حەوت ملیۆن بەرمیل

10-10-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن دیداری مێری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرهەمهێنانى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان لە پانێڵێکى دیدارى مێریى پرسێکى گەرم بوو، راوێژکارێکى سەرۆکوەزیرانى عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، دەبێت لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەرهەمهێنانى نەوت بگەیەننە حەوت ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. لەکاتێکدا بەپێى پێشبینىی بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى کرێسێنت پترۆلیۆمى ئیماراتى، ساڵى 2024 ناوەندی بازاڕى جیهانى بۆ نەوت دەگاتە 103 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
 
رۆژی 10ـی تشرینى یەکەمى 2023، لە دیدارى مێری لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، پانێڵێک بەناوى "ئەولەویەتەکانى وزەى عێراق: نەوت و گاز و وزەى نوێبووەوە" بەڕێوەچوو.
 
لەپانێڵەکەدا پرسەکانی بەرهەمهێنانى نەوت لە عێراق و جیهان، هەناردەکردنەوەی نەوتى هەرێمى کوردستان، بەرهەمهێنانى گازی سرووشتى لە هەرێمى کوردستان تاوتوێکران.
 
"عێراق پێویستی بە بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی دیکەیە''
 
فەلاح عامرى، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەو پانێڵەدا ئاشکرایکرد، رۆژانە پێویستیان بە بەرهەمهێنانى دوو ملیۆن بەرمیل دیکەی نەوتە، کە بەرهەمهێنانى دواکەوتووە و دەبووایە رۆژانە حەوت بۆ هەشت ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنن.
 
ئێستا هەناردەى رۆژانەى نەوتى عێراق نزیکەى سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیلە، لەکاتێکدا بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتى، دەبێت رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت بۆ دەستبەرکردنى پارەى بودجەکە، کە زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە.
  
فەلاح عامرى ئاماژەى بەوەدا، ئێستا لەگەڵ هەرێمى کوردستان نزیکەى پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن، گوتیشى "هەرێمى کوردستان نەوت بەرهەمدەهێنێت، بەڵام هەناردەى ناکات و بە ویستى خوا لە ماوەى داهاتوودا ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت." 
 
لە 25ـی ئادارى 2023ـوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، کە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە بوو.   
 
راوێژکارەکەى سەرۆکوەزیران رایگەیاند؛ عێراق پەیوەستە بە رێکخراوى ئۆپیکەوە و پشکى بەرهەمهێنانى بۆ دیاریدەکات، گوتى: "لە ساڵى 2016 ئێمە بە هەرێمى کوردستانەوە بەرهەمى نەوتمان نارد بۆ ئۆپێک، کە چوار ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل بوو، بەڵام ئێستا لەگەڵ هەرێمى کوردستان، کەمتر لەوە بەرهەمدەهێنین، کە دەمانەوێت شەش یان حەوت ملیۆن بەرمیل بێت."
 
"ساڵی داهاتوو خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات"
 
بەهۆى جەنگى ئۆکراینا و رووسیا لە ساڵى 2022ـوەوە، خواست لەسەر سەرچاوەکانى وزە بەتایبەت نەوت زیادیکردووە، عێراق وەک یەکێک لە وڵاتانى بەرهەمهێنەرى نەوت خواست لەسەر زیادکردنى بەرهەمەکەیەتى.
 
عەبدوڵڵا قازى، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى کرێسێنت پترۆڵیۆمى ئیماراتى لە پانێڵەکەدا ئاماژەى بەوەدا، ئەمساڵ خواست لەسەر نەوت گەیشتووەتە ترۆپک، کە زیاتر لە 101 ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا، چاوەڕوان دەکرێت ساڵى داهاتوو خواست دوو ملیۆن بەرمیلی دیکە زیاد بکات، بۆیە بە گوتەى ئەو، زیادکردنى بەرهەمهێنانى نەوت "گرنگە" بۆ سەقامگیریى ئابوورى.
 
زۆریی خواست لەسەر نەوت و کەمیی بەرهەمهێنان، وایکردووە نرخەکەى لە بازاڕى جیهانیدا جێگیر نەبێت. 
 
عەبدوڵڵا قازى گوتى "نرخى ئێستاى نەوت دادپەروەرانەیە بۆ کڕیار و فرۆشیار، بەڵام ئەگەر وەربەرهێنان نەکرێت لە زیادکردنى بەرهەمهێنانیدا، پێشبینى دەکەم بگەینە ئەو ئاستەى نرخ بەرزدەبێتەوە و کڕیار ناتوانێت بیکرێت، شیاوترین نرخ بۆ بەکارهێنەر و فرۆشتیار ئەوەیە لەنێوان 75 بۆ 95 دۆلاردا بێت و، مەترسیدارە لەوە زیاتر بێت وا دەکات بەکارهێنەر کەمتر بەکارى بهێنێت."
 
تێکڕاى نرخى نەوت لە 10 رۆژى یەکەمى مانگى تشرینى یەکەمدا نزیکەى 84 دۆلار بووە. 
 
 
بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى کرێسێنت پترۆڵیۆمى ئیماراتى گوتى "عێراق باشترین دەوڵەتە لە جیهان لە رووى بوونى یەدەگى نەوتى ئاشکرانەکراو یان پەرەپێنەدراو، بۆیە دەرفەت زۆرە لە عێراقدا."
 
"50٪ـی بەرهەمهێنانى گازى عێراق لە هەرێمى کوردستانە"
 
بەرهەمهێنانى گازى سرووشتى بەتایبەت لە هەرێمى کوردستان یەکێکى دیکە بوو لەو پرسانەى لە پانێڵەکەدا گفتوگۆى لەسەر کرا وەک سەرچاوەى دیکەى وزە بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا.
 
ئەحمەد موفتى، بریکارى وەزیرى سامانە سرووشتییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەو پانێڵەدا ئاشکرایکرد، بەرهەمهێنانى کارەباى هەرێمى کوردستان 2%ـی پشت بە ئاو دەبەستێت، 85% بۆ 90%ـیشی لە رێگەى گازى سرووشتییەوە بەرهەمدەهێندرێت.
 
ئەحمەد موفتى ئاماژەى بەوەدا، هەرێمى کوردستان تواناى زۆری هەیە بۆ بەرهەمهێنانى گاز و، 50%ـی بەرهەمهێنانى گازى عێراق لە هەرێمى کوردستانە. گوتیشى "ریزبەندیی یەکەم بۆ بەکارهێنانى گاز لە هەرێمى کوردستان ناوخۆییە، 2021 تاوەکو 2023 بەرهەمھێنانى گاز لە 30% بۆ 40% زیاد کراوە و، دەتوانێت 4.5 مليار پێ سێجا بەرهەمبهێنێت، کە ئەوە هەمووى بۆ بەکارهێنانى نێوخۆییە.
 
پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) بە بەشداریی سەرۆک و سەرکردەکانی کوردستان و عێراق رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، 10 و11ـی تشرینی یەکەمی 2023، دیداری مێری بەڕێوەدەبات. دیدارەکە بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداوە. بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بەشداری لە گفتوگۆیەکی دیدارەکەدا بکات.

 

کلیل لەم هاشتاگە بکە بۆ بینینی ئەموو بابەتەکانی پەیوەست بەو دیدارەی مێری لە سۆشیاڵ میدیاکانی رووداو:
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نرخی هەر بیتکۆینێک بۆ 103 هەزار دۆلار بەرزبوویەوە

سەردەمی زێڕینی بیتکۆین؛ نهێنیی گرانبوونە خەیاڵییەکەی

نرخی بیتکۆین بۆ یەکەمجار لە مێژوودا 100 هەزار دۆلاری تێپەڕاند. گرەوی بازرگان و وەبەرهێنەرانی دراوە دیجیتاڵییەکان لەسەر پشتیوانییەکی سیاسی و رێکخراوەیی زیاتر لە ئیدارەی داهاتووی ترەمپ، بزوێنەری شەپۆلە بێوێنەکەی بەرزبوونەوەی بیتکۆینە.