پارێزگای لوڕستان لە بەرهەمهێنانی لۆبیادا لەسەر ئاستی ئێران دووەمە

10-10-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی لوڕستان دەڵێت، پارێزگاکە لە بەرهەمهێنانی لۆبیادا لەسەر ئاستی ئێران دووەمە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم ساڵ زیاتر لە 37 هەزار تۆن لۆبیایان بەرهەمهێناوە.
 
رۆژی هەینی 10-10-2025 نامدار سەیادی، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئەم ساڵ 13 هەزار و 800 هێکتار زەویی پارێزگاکە کرایە لۆبیا.
 
نامدار سەیادی گوتی، تێکڕای بەرهەمی ئەم ساڵی لۆبیا بۆ هەر هێکتارێک نزیکەی 2.7 تۆن بووە کە بەگشتی دەگاتە زیاتر لە 37 هەزار و 250 تۆن.
 
لۆبیا ئاوێکی زۆری پێویستە. بەگوتەی نامدار سەیادی، بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کەمئاوی لە سنووری پارێزگاکە، زیاتر پەرە بە ئاودێریی دڵۆپەیی بەرهەمە کشتوکاڵییەکە دەدرێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی لوڕستان ئاماژەی بەوەش کرد، شاری ئەزنا زۆرترین رووبەری چێندراوی بە لۆبیا هەیە کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگاکە.
 
ساڵانە لە لوڕستان، لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمدا دەست بە لێکردنەوەی لۆبیا دەکرێت.
 
پارێزگای لوڕستان 735 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی هەیە کە زیاتر لە 550 هەزار هێکتاری بە شێوەی دێم و 185 هەزار هێکتاریشی بە شێوەی بەراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە