نرخی زیو 61 دۆلاری تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە بە بەرزبوونەوە کرایەوە، هەرچەندە لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێوەدەکرێت و بازرگانان چاوەڕێی بڕیاری ئەمرۆی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر سوودی بانکی دەکەن. هەروەها نرخی زیویش 61 دۆلاری تێپەڕاند.
یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە، نزیکەی 10 دۆلار بەرزبووەوە و بە 4210 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 2ـی ساڵی داهاتوودا بە 4236 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، نرخی زیو بەڕێژەی 5٪ بەرزبووەوە و ئاستێکی نوێی مێژوویی تۆمارکرد و گەیشتە 61 دۆلار و 45.
فواد رەزاق زادە، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (سیتی ئیندێکس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "خەڵک پێیانوایە لە کەرتی پیشەسازییدا خواستێکی زۆر بۆ زیو لە ساڵی داهاتوودا سەرهەڵدەدات."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "نرخی کانزاکان بە شێوازی سرووشتی ناجێگیرە، بەڵام ئەگەر کورتهێنان لە دابینکردنی کانزایەکی تایبەتدا هەبێت، نرخەکەی جگە لە بەرزبوونەوە، ئاراستەیەکی دیکە بەخۆیەوە ناگرێت."
بۆب هابێرکۆن، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئار جی ئۆ فیوچەرز) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی زێڕ ئێستا بە دوای نرخی زیودا دەڕوات و بازرگانان گرەویان لەسەر کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە کردووە."