نرخی نەوت بە کەمتر لە 100 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی هەینی دابەزی بۆ کەمتر لە 100 دۆلار و سەرەڕای بەردەوامی داخرانی تەنگەی هورمز، گەورەترین دابەزینی هەفتانەی لە دوای ساڵی 2022وە تۆمارکرد.
ئێران و ئەمریکا ئەمڕۆ دەست بە دانوستاندن دەکەن لەسەر وەستاندنی شەڕ و کردنەوەی تەنگەی هورمز.
رۆژی هەینی نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 72 سەنت دابەزی و بەرمیلێک بە 95 دۆلار و 20 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور لە ماوەی یەک هەفتەدا بەڕێژەی 12.7٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 1 دۆلار و 30 سەنت دابەزی و بەرمیلێک بە 96 دۆلار و 67 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا بەڕێژەی 13.4٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
دابەزینی نرخەکانی نەوت هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگێری پاکستان لە ئیسلام ئاباد.
کۆمێرزبانکی ئەلمانی سەبارەت بە نرخی نەوت رایگەیاند، " بەردەوامی دابەزینی نرخی نەوت پەیوەستە بەوەی ئایا دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ئەنجامێکی ئەرێنیان دەبێت و هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز دەستپێبکاتەوە."
کۆمێرز بانک دەڵێت، تاوەکو ئێستا هاتووچۆی کەشتییە نەوتییەکان لە تەنگەی هورمز ئاسایی نەبووەتەوە.