دوو کەشتیی نەوتیی زۆر گەورە بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕین
رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی رابردوو دوو کەشتیی نەوتهەڵگر توانییان بە تەنگەی هومرزدا تێپەڕن.
داتاکانی کۆمپانیای کێپلەر، تایبەت بە زانیاریی گواستنەوەی دەریایی ئاشکرای دەکەن، دوو کەشتییەکە بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە سیستمی ناسینەوەی خۆکاریان لەکارخستووە و توانیویانە تەنگەی هورمز بەجێبهێڵن.
کێپلەر دەڵێت، یەکێک لەو کەشتییانە، کەشتیی نەوتهەڵگری گەورەی (بەسرە ئێنێرجی) بووە کە لە رۆژی یەکی ئەم مانگە، 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبووزەبی بارکردووە و 5ی ئەم مانگە تەنگەی هورمزی تێپەڕاندووە.
بەپێی داتاکان، ئەو کەشتییە زۆر گەورە و ئاڵای پەنامای لەسەر بووە، لە تێرمیناڵی فۆجەیرە بارە نەوتەکەی بەتاڵ کردووە.
لەلایەکی دیکەوە کەشتییەکی دیکەی زۆر گەورە، بەناوی (کیارا ئێم) رۆژی یەکشەممە لە کاتێکدا سیستمی ناسینەوەی خۆکاری خۆی کوژاندووەتەوە، بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیوە.
کەشتییەکە ئاڵای (سان مارینۆ)ی لەسەر بووە و دیارنییە بارەکەی کە 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراقە، بەرەو چ ئامانجێک دەگوازێتەوە.