نزیکەی 664 ملیار دیناری پارەی مووچە گەیشتە هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ 

نزیکەی 664 ملیار دیناری پارەی مووچە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئایاری 2026، بەرپرسێکی باڵا بە سەنگەر عەبدولڕەحمانی راگەیاند، 663 ملیار و 805 ملیۆن دینار پارەی مووچە گەیشتە هەرێمی کوردستان.
 
دوێنێ یەکشەممە، 10ـی ئایار، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داهاتی نانەوتییان بۆ مانگی نیسان خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق، کە بڕەکەی 50 ملیار و 292 ملیۆن و 213 هەزار دینارە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 7ی ئایاری 2026 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆی داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان نزیکەی 100 ملیار دینار بووە، "لەو بڕەش نزیکەی 52 ملیار دیناری بۆ حکومەتی فیدراڵ دەبێت."
 
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی لە کاتێکدایە، حکومەتی فیدراڵ بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چەند مەرجێکی دیاری کردووە، لەوانە ناردنی لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی پابەندیی هەرێمی کوردستان بە هەناردەی نەوت، لەگەڵ رادەستکردنی داهاتی نانەوتی.