كڕیارێكی دیكەی نەوتی كوردستان ئاشكرابوو

رووداو-هەولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند دوای هەناردەكردنی دووەم كاروانی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق، كوردستان چیتر مافی داواكردنی لە ١٧% بودجەی فیدراڵی نییە. بەپێی وەزارەتی نەوت نەمسا دوو كاروانی نەوتی كوردستانی كریوە.

عەبدولكەریم لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە ڤییەنناوە رایگەیاند: "دوای هەناردەكردنی دووەم كاروانی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان چیتر مافی داواكاردنی لە ١٧% بودجەی فیدراڵی نییە".

عەبدولكەریم لعێبی گوتیشی "هەناردەكردنی دووەم كاروانی نەوتی كوردستان لە رێگەی توركیاوە هەڵەیەكی گەورەیە حكومەتی توركیاو حكومەتی هەرێمی كوردستان تێی كەوتوون".

وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاند "ئەگەر هەیە حكومەتی عێراق سكاڵای یاسایی لە دژی كۆمپانیای نەوتی نەمسا (OMV) تۆمار بكات، چونكە ئەو كۆمپانیایە دوو كاروانی نەوتی كوردستانی لە رێگەی توركیاوە كڕیوە".

عەبدولكەریم لعێبی ئاماژەی بەوەشدا كە "حكومەتی عێراق نەتەوە یەكگرتووەكانی لە زیادڕەوییەكانی توركیا ئاگادار كردووەتەوە لەبارەی بەكارهێنانی بۆری هەناردەكردنی نەوتی كەركووك جیهان بۆ هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدا".

وەزیری نەوتی عێراق هاوكات هۆشداریدایە توركیا لەوەی كە ئەگەر بەردەوام بێ لە رێگەدان بە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدا ئەوكات ئەو هەنگاوە دەكرێ كاریگەری لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان توركیاو عێراق هەبێ كە لە ٢٠١٣ بە ١٣ ملیار دۆلار خەمڵێنراوە.

عەبدولكەریم لعێبی ئاشكراشی كرد كە "قەبارەی هەناردەكردنی نەوتی عێراق لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٤ جگە لە نەوتی كوردستان دەگاتە ٣ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا".

ئەمە لەكاتێكدایە تانەر یەڵدز، وەزیری وزەی توركیا رایگەیاند كە دووەم كاروانی نەوتی كوردستان لە رێگەی بەندەری جیهانی توركیا بەرەو بازارەكانی جیهان هەناردەكرا.