یەک ئۆنسە زێڕ بە 3635 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ توانیی بەرگری لە ئاستە بەرزەکانی بکات و ئامارەکانی کۆفرۆشی لە ئەمریکا بۆ مانگی 8 کە تێیدا نرخەکانی کۆفرۆشی دابەزینیان بەخۆوە بینی، هۆکاری بەهێزی ئاراستەی بەرزبوونەوەی بەهای زێڕە.
 
یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ پێنجشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بە نزیکەی 3635 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە ئاستێکی نوێی پێوانەیی لە 3674 دۆلاری تۆمارکرد. 
 
نرخی زێڕ بۆ رادەستکردنی لە مانگی 12 لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە 3676 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
ئیدوارد میر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای راوێژکاری (مارێکس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "داتا لاوازە ئابوورییەکانی ئەمریکا لە پشت بەرزبوونەوەکانی ئەم دواییەی نرخی زێڕە."
 
ئەو شارەزایە دەڵێت، "داتاکانی پەیوەست بە نرخەکانی کۆفرۆشی ئەمریکا و بازاڕی کاری ئەو وڵاتە، چاوەڕوانییەکانی زیادکردووە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەڕێژەیەکی زیاتر لەوەی کە پێشبینی دەکرا، سوودی بانکی کەم بکاتەوە."
 
بەهۆی سستبوونەوەی کەرتی خزمەتگوزاری لە ئەمریکا، نرخەکانی کۆفرۆشی لەو وڵاتە دابەزیون.
 
ئەمڕۆ چاوی بازرگانان لەسەر ئامارەکانی وردەفرۆشی یان نرخەکانی بەکاربەرە کە بە کاتی هەولێر کاژێر 3:30 بڵاودەبنەوە و دەتوانن ئاماژەی زیاتر لەسەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەربخەن.
 
نرخی مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی نێوخۆ بەمشێوەیە: 
 
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=770,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=735,000
مسقاڵێک زێڕعەیار 18=630,000