ساڵانە بایی 20 ملیۆن دۆلار كەرەستەی خوێندن لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەفرۆشرێ
رووداو- هەولێر
پێشانگاكان و بازرگانانی هاوردەكردنی كەرەستەی پەڕاوگە و پێداویستیی قوتابخانە دەڵێن بەهۆی باشبوونی باری ئابووریی خەڵكی هەرێمی كوردستان، خواست لەسەر كڕینی كەرەستەی پەڕاوگە و پێداویستییەكانی قوتابخانە و فەرمانگەكان، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو 25% زیاد بووە.
بەپێی ئامارێكی نافەرمی كە كۆمپانیاكانی ئەو بوارە داویانەتە (رووداو) ، لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 60 كۆمپانیا و بازرگانی گەورە و بچووكی تایبەت بە هاوردەكردنی كەرەستەی پەڕاوگەی قوتابخانە و فەرمانگەكان هەن. بە مەزەندەی خۆیان ساڵانە بایی زیاتر لە 55 ملیۆن دۆلار كەرەستە لە چین، تایلەند، ژاپۆن، هیندوستان، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیمارات، توركیا و ئێران هاوردە دەكەن، دواتر لە رێگەی زیاتر لە 500 پێشانگەی تایبەت لە شار و شارۆچكەكان ساغی دەكەنەوە.
كۆمپانیای نەسیم كوردستان تایبەت بە هاوردەكردنی كەرەستەی خوێندن، بریكاری هەموو عێراقە و ساڵانە بایی 20 ملیۆن دۆلار هاوردە دەكات، بە گوتەی ئەوان كۆمپانیاكە ساڵانە بایی نزیكەی 6 ملیۆن دۆلار لە كوردستان دەفرۆشێ و ئەوەی دیكەش لە عێراق ساغ دەكاتەوە.
حاجی رزگار عەبدولقادر، بازرگانێكی شاری هەولێرە، 33 ساڵە خەریكی فرۆشتنی كەلوپەلی قوتابخانە و فەرمانگەكانە، ساڵانە بایی زیاتر لە ملیۆنێك و 250 هەزار دۆلار كاڵا دەهێنێَ و بەشێوەی كۆ دەیفرۆشێتەوە.
حاجی رزگار دەڵێت: "بەهۆی هەرزانیی نرخ و هەمەچەشنیی كاڵاكانیان، 70%ی بازرگانانی هەرێمی كوردستان، بۆ كەلوپەلی قوتابخانە و فەرمانگەكان پشت بە چین دەبەستن، بەشێكی راستەوخۆ لە چینەوە هاوردە دەكەن و بەشێكیشی لە ئیماراتەوە دەهێنن".
لە كاتی دەوامی قوتابخانە زۆرتر دەفتەر، قەڵەم، دادەر، لاستیك و راستە و جانتا دەفرۆشرێ، بە بەردەوامیش بۆ فەرمانگەكان كاغەز، فایل، بۆكس فایل، كابیسە، تەلی كابینە، قەڵەم جاف، حوبری پرێنتەر دەفرۆشرێن.
حاجی رزگار دەڵێت: "بەراورد بە ساڵی رابردوو فرۆشی ئێمە و سەرجەم جوملەفرۆشەكانی دیكەش بەڕێژەی 20 تاوەكو 25% زیادی كردووە، هۆكارەكەشی بۆ باشبوونی باری ئابووریی خەڵك و حكومەت دەگەڕێتەوە، ئەمساڵ ئاراستەی كڕینی خەڵك زیاتر لە كاڵای باش بوو، بۆیە ئەو بازرگانانەی كاڵای كواڵیتی نزم و هەرزانیان هێنابوو، بازاڕیان وەك پێویست نەبوو".
لە عێراق و هەرێمی كوردستان هیچ كارگەیەكی بەرهەمهێنانی پێداویستییەكانی قوتابخانە و فەرمانگەكان نییە، بۆیە 100% پشت بە هاوردە دەبەسترێ.
حاجی رزگار عەبدولقادر دەڵێت: "پێشتر لە عێراق هەندێ دەفتەر و كاغەز بەرهەم دەهێنرا، بەڵام ئێستا نەماوە، بۆیە عێراقیش هاوشێوەی كوردستان بۆ پێداویستییەكانی لەم بوارە پشت بە شتی هاوردە دەبەستێ".
حاجی رزگار گوتیشی: "كۆمپانیاكانی عێراق لەم بوارەدا زۆر بەهێزن، بۆیە هیچ كاڵایەك لە هەرێمی كوردستانەوە جگە لە شاری مووسڵ بۆ شارەكانی عێراق ناچێت، بەڵكو هەندێجار كە كاڵایەك لە بازاڕ نامێنێ لەوێ هاوردە دەكرێت".
ساڵانە لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی نوێی خوێندن، وەرزی فرۆشی كەلوپەل و پێداویستییەكانی قوتابخانە دەستپێدەكات، دووكان و پێشانگاكان جمەیان دێت لە كڕیار.
گەیلان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای گەیلان بۆ بازرگانیی هاوردەكردنی كەلوپەلی قوتابخانە و فەرمانگەكان دەڵێت: "وەرزی فرۆشتنی كەلوپەل و پێویستییەكانی قوتابخانە ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی ئابەوە دەستپێدەكات تاوەكو 15ی تشرینی یەكەم، لەم ماوەیەدا بازرگان و خاوەن پێشانگا و پەڕاوگەكان 75%ی كاڵاكانیان دەفرۆشن".
سەبارەت بە بازاڕیشیان، ئەو بازرگانە گوتی: "بەهۆی باشبوونی باری ئابووریی هەرێمی كودستان، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو فرۆشمان 25% زیادی كردبوو".
بەر لە قەیرانی دارایی، شارەكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی بازاڕێكی پڕ فرۆش بوون بۆ كەلوپەلی قوتابخانە و فەرمانگەكان، بۆیە زۆربەی كۆمپانیا بازرگانییە بەناوبانگەكانی عێراق روویان لە هەرێمی كوردستان كرد و لق و ئۆفیسی فرۆشتنیان كردەوە.
كۆمپانیای فاتنە، بۆ بازرگانیی كەلوپەلی پەڕاوگەی قوتابخانە كە بریكاری سێ ماركەی ئەڵمانی و ماركەیەكی بەریتانییە و ماوەی 13 ساڵە لقی لە هەولێر و سلێمانی هەیە، ساڵانە بایی زیاتر لە میلۆنێك و 300 هەزار دۆلار كاڵا لە هەرێمی كورستان دەفرۆشێ.
ئەیاد سەعدی، بەڕێوەبەری لقی هەولێری كۆمپانیاكە دەڵێت: "فرۆشی پێداویستییەكانی قوتابخانە لە هەرێمی كوردستان بە گشتی لە ساڵی 2006 تاوەكو 2014 زۆر باش بوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی تا دوو ساڵ لەمەوبەر زۆر خراپ بوو، ئێستا بازاڕەكە باشترە و جوڵەی زیاتری تێكەوتووە".
بە گوتەی ئەو بازرگانە، لەسەر ئاستی عێراق زۆرترین فرۆشی پێداویستییەكانی قوتابخانە و فەرمانگەكان لە شاری بەسرەیە، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردسانیش لە هەولێرە "بۆ نموونە ئێمە ساڵانە بایی 800 هەزار تاوەكو ملیۆنێك دۆلار فرۆشمان لە هەولێر هەیە".
بازاڕ پڕ بووە لە كۆپی
لە هەرێمی كوردستان، ماركەی بەناوبانگی پێداویستی قوتابخانە و فەرمانگەكان هەن، بە تایبەتی قەڵەم، بەڵام بازرگانان دەڵێن لە هەمانكاتدا بازاڕەكە پڕ بووە لە قەڵەمی كۆپی. ئەیاد سەعدی كە بەڕێوەبەری لقی كۆمپانیایەكی عێراقییە لە هەولێر دەڵێت: "لە كوردستان و عێراق لەبەر ئەوەی چاودێریی بازرگانی زۆر بەهێز نییە و یاساكان بۆ پاراستنی ماركەكان وەك پێویست نییە و سزای توندی ئەو كەسانەش نادرێت كە كاڵا كۆپی دەكەن، بۆیە بازار پڕ بووە لە كەرەستەی كۆپی. ئەمەش وایكردووە خەڵك متمانەی بە ماركەكان لاواز بێت".