زێڕ نرخێکی نوێی مێژوویی تۆمارکرد؛ ئۆنسەیەکی گەیشتە نزیکەی 4600 دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان لەم هەفتەیەدا ئاستێکی نوێی تۆمارکرد و ئۆنسەیەکی گەیشتە 4600 دۆلار. یەکەم جارە نرخی زێڕ دەگاتە ئەم ئاستە.
 
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ قووڵبوونەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکان و گرەوەکان لەسەر کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەگەڕێتەوە.
 
لە بازاڕەکانی نێوخۆش نرخی مسقاڵێک زێڕ بەمشێوەیە:
 
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=970,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=927,000
مسقاڵێک زێڕعەیار 18=795,000
 
دوای پێکانی ئەو ئاستە مێژووییە، ئێستا ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 4576 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، " هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، تەشەنەکردنی کێشە جیۆسیاسییەکانە."
 
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، خۆپێشاندانەکان لە ئێران بوونەتە هۆکار بۆ کوژرانی زیاتر لە 500 کەس.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە ئێران کردووە ئەگەر خەڵک بکوژرێن، هێرش دەکاتە سەریان و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش دەڵێن، بنکە و پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکەنە ئامانج.
 
لەلایەکی دیکەوە، داتاکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا کە رۆژی هەینی بڵاوبوونەوە، دەریانخست ژمارەی هەلەکانی کارکردن لە مانگی رابردوودا کەمی کردووە. ئەوەش بە ئەگەری زۆرەوە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی چانسی کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا زیاتر بێت کە پاڵپشتی زیاتر بۆ نرخی زێڕ و کانزاکان دروستدەکات.