گەنجانی كورد لە ئەمریكا وێڵی دەستكەوتنی كارن

یەحیا بەرزنجی
رووداو- ماساچوستس

سەهێل و توانا رۆژەكانی بێكارییان لەبەردەم شاشەی كۆمپیوتەر یان مۆبایلەكانی دەستیان بەسەر دەبەن، تاوەكو هەواڵی كارێك راوبكەن.

"من و ئەو زۆرترین كات بۆ دەستكەوتنی كارێك بەسەر دەبەین، ئێمە دوو كەپڵ نین سەرمان بەیەكەوە نابێ لە گەشت و سەیران و زانكۆ، تەنیا لە هەوڵی ئەوەداین كارێكمان دەستبكەوێ و یارمەتی خێزانەكانمان بدەین". ئەمە قسەی سەهێل میهرەبانییە.

توانا ئاواز ناخوێنێ، بۆیە كاتێك سیڤی بۆ كۆمپانیایەك دەنێرێت، یان لە بازاڕەكان دەگەڕێت بۆ دەستكەوتنی كار، یەكەم قسەی ئەوەیە كە ناخوێنێ و كاتی زۆر بۆ ئیشكردن تەرخان دەكات. ئەو دەڵێت "باری ئابووری وایكردووە هەلی كار لە ئەمریكا زۆر كەم ببێتەوە، نەخاسمە بۆ پەنابەرێكی كوردی وەكو من".

تاكە ئیشكەری ماڵی توانا دایكێتی كە هەفتانەكەی تەنیا 250 دۆلارە، ئەوەش بۆ گرانیی ئەمریكا هەر هیچ نییە. توانا دەڵێت "لێرە ئەگەر مانگانە 3000 دۆلار داهاتت نەبێت، ناتوانی بڵێی لە ئەمریكا بە سانایی ژیان بەڕێدەكەم".

لە نێو گەنجانی كورد لە ئەمریكا دوو جۆر بیركردنەوە هەیە، ئەوانەی دەیانەوێ رۆژانە شتێكیان دەستبكەوێت و بە دەستی خاڵی نەگەڕێنەوە ماڵەوە، هەندێكیش نایانەوێ ئایندەیان ناڕوون بێت وەكو دایك و باوكیان و هەر خەریكی كاركردن بن.

سەهێل كە عەوداڵی دەستكەوتنی كارێكە، دەڵێت باوكی لۆرییەكی گەورە لێدەخوڕێ، شۆفێرە، سەوزە و خۆراك بۆ هەموو ئەمریكا دەگوازێتەوە، هەفتانە 100 كاژێر كاردەكات، بۆیە مانگی یەكجار دەیانبینێ.

سەهێل بەردەوام چاو لە ئیمەیلەكەی دەكات بەڵكو یەكێك لە كارگەكان یان كۆمپانیا و خاوەنكارەكان وەڵامێكی ئیمەیلەكەیان دابێتەوە. ئەو دەڵێت "دەزانی زۆر ناخۆشە تۆ ئەو هەموو هەوڵە دەدەیت، تەنیا لەبەر ئەوەی تۆزێك بە باشی بژیت و تووشی نەبوونی نەبیت".

گیرفانی توانا هێندە خاڵییە، تەنانەت ناتوانێ خواستی كچە هاوڕێكەشی بێنێتە دی. ئەو دەڵێت "بەسەربردنی كات لەگەڵ ئەو كچەی خۆشتدەوێت زۆر خۆشە، بەڵام زۆربەی جار بۆ ئێمە هەر ناخۆشی بووە، شتم زۆر بەسەردا هاتووە، پلانمان هەبووە بچین بۆ بینینی فیلمێكی تازە، هەروەها بەیەكەوە نان بخۆین، زۆرجار دەكەوینە هەڵبژاردنی یەكێكیان، یان سەیركردنی فیلم یاخود نانی ئێوارە پێكەوە. لێرە پارە بڕیار دەدات چۆن بژیت".

وڵاتی دووەم بۆ خەڵكی پەناهندە زۆربەی كاتەكانی ناڕەحەتییە. لە ئەمریكا جیاوازینەكردن لەنێوان رەنگ و ئاینزا و نەتەوە ئارامبەخشێكی دەروونییە، بەڵام رەنگە لە راسیزم كوشندەتر نەبوونی هەلی یەكسانی كار بێت.

سەهێل میهرەبانی دەڵێت "ئەگەر دایك و باوكت لێرە لەدایك نەبووبن، ئەوە ئەستەمە وەك ئەوان هەلی كاركردنت بۆ هەڵبكەوێ، ئەگەر وەك ئەمریكی ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەت نەبێت لە ریزی كۆمپانیاكان و زانكۆكاندا، زەحمەتە دەرگاكانت بۆ بكرێتەوە".

زۆر لە پەنابەران كاركردن وای لێكردوون تەنانەت بواری ئەوەیان نەبێت منداڵەكانیشیان ببینن. توانا ئاواز نموونە بە دایكی دێنێتەوەو دەڵێ "دایكم رۆژانە بۆ هەر سەعاتێكی كار تەنیا 10 دۆلار وەردەگرێت، ماوەی 9 ساڵە لەو شوێنە كار دەكات كە ئەوەش ناهەقی و بێزاركەرە، هەموو رۆژێك كاردەكات و هەفتەی یەك رۆژ پشووی هەیە، من و خوشكەكەم بەكەمی دایكمان دەبینین، كە دێتەوە ماڵەوەش نانمان بۆ حازر دەكات، كەمێك سەیری تەلەڤزیۆن دەكات و دەچێت دەنوێت، بۆ بەیانی دووبارە دەڕواتەوە سەر كار".

وڵاتی مەكینە زلەكان و تەكنەلۆژیا، هەر كە پێت نایە ناویەوە، دەتهاڕێت. سەختیی ژیان و گوزەران وادەكات رۆژەكانی تەمەن هەمووی وەكو یەك بێت.

سەهێل میهرەبانی دەڵێت "ئەوە گرنگ نییە چەند هەوڵ دەدەیت و كەم دەگەیتە ئاستێكی باڵا، ئێستا هەوڵ دەدەیت كە نەبیت بەژێر پێوە، بەردەوام ژیان دەتخاتە بەردەم دوو ئەگەر، بەردەوامبوون لە رۆیشتن، هەوڵدانی بێوچان تاوەكو رۆژ ئاوابوون، سبەینێش دەستپێكردنەوە بە هەمان رۆتین و دووبارەبوونەوە، ئیدی ئەمەیە ئەمریكا.

ژیان بە گشتی وای لێهاتووە، هەلی یەكسانی كار تەنها چەند وشەیەكە، هەر ئەوەش نا، لە زۆربەی وڵاتان دوو توێژ دەبینرێن: ئەوانەی كەوتوونەتە سەر هێڵی هەژاری و ئەوانەی سامانەكانیان تادێ زەبەلاحتر دەبێ.