ئیلۆن مەسک: ئەگەر خەرجییەکان کەم نەکەینەوە حکومەتی ئەمریکا مایەپووچ دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
ئیلۆن مەسک، گەورە ملیاردێری جیهان و راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا، کە بە بەردەوامی منداڵەکەی لەسەر شانی هەڵدەگرێت، دەیەوێت باری دارایی سەر شانی حکومەتی ئەمریکا سووک بکات.
مەسک دەڵێت ئەگەر خەرجییەکان کەمنەکەنەوە، ئەمریکا مایەپووچ دەبێت.
ئیلۆن مەسک، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا گوتی "کەمکردنەوەی خەرجییە فیدراڵییەکان بۆ ئێمە بژاردە نییە، بەڵکو کارێکی ناچارییە. بۆ ئەمریکا گرنگە وەک وڵاتێک بمێنێتەوە کە دەتوانێت بەرپرسیاریێتیە داراییەکانی جێبەجێبکات. پێویستە ئەو سەرچاوانە دابینبکات، کە پێویستن بۆ هاووڵاتییانی. نەوەک ئەوەی بەردەوام قەبارەی قەرزەکانی گەورەتر بکات."
لە ساڵی دارایی 2024 دا بودجەی ئەمریکا 1.8 تریلیۆن دۆلار کورتهێنانی هەبوو، کە بەراورد بە ساڵی پێشتر بە رێژەی 8٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیبوو.
رێوشوێنەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان، بەتایبەتی لە کەرتی تەندروستی و پارەدارکردنی فیدراڵی، لەلایەن دادگا فیدراڵییەکانەوە هەڵپەسێردراون.
ترەمپ رەخنەی تووند لە دادوەرەکان دەگرێت و دەڵێ، "زۆر ئەستەمە باوەڕبکەی دادوەران دەیانەوێت بمانوەستێنن، کاتێک دەمانەوێت گەندەڵییەکان نەهێڵین، بەتایبەتی کاتێک سەدان ملیۆن دۆلار گەندەڵی و بگرە زیاتریش دەدۆزینەوە. ئێمە دەمانەوێت گەندەڵی بنبڕبکەین، بەڵام ئەستەمە باوەڕبکەی دادوەرەکان پێمان دەڵێن، نەخێر ئەو کارە مەکەن."
دۆناڵد ترەمپ بڕیاری داوە خەرجیی دامەزراوە تەندروستییەکان بەڕێژەی 10٪ کەمبکاتەوە و لەو رێگەیەوە 4 ملیار دۆلار لە خەرجییەکان بگەڕێنێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها بەنیازی خانەنشینکردنی 10٪ـی کارمەندە فیدراڵییەکانە، کە 100 ملیار دۆلاری بۆ دەگەڕێنێتەوە. لە رێگەی داخستنی ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیشەوە، ترەمپ بەنیازە ساڵانە زیاتر لە 70 ملیار دۆلار لە خەرجییەکانی حکومەتی ئەمریکا کەمبکاتەوە.