بانکی ناوەندیی تورکیا پێشبینییەکانی بۆ هەڵاوسان بەرزکردەوە


رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی تورکیا پێشبینییەکانی بۆ رێژەی هەڵاوسانی ساڵی 2026 نوێکردەوە؛ پێشتر پێشبینی دەکرا رێژەکە لە نێوان 13% بۆ 19% بێت، بەڵام کرایە 15%  بۆ 21% و بەرزکرایەوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 12ـی شوباتی 2026، فاتیح کاراهان، سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا رایگەیاند: "هەتا ئەوکاتەی دڵنیایی لە دابەزینی هەمیشەیی هەڵاوسان دروست دەبێت، سیاسەتی تووندی دراو بەردەوام دەبێت".
 
بانکی ناوەندی، یەکەم راپۆرتی هەڵاوسانی ساڵی 2026ی بڵاوکردەوە. فاتیح کاراهان رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ساڵی 2026 رێژەی هەڵاوسان لە نێوان 15% بۆ 21% بێت.
 
کاراهان گوتی، "هەڵاوسانی نرخی خۆراک ناجێگیرە" و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لەسەر سیاسەتی تووندی دراو بەردەوام بن. 
 
سەبارەت بە پێشبینییەکانی کرێی خانوو، کاراهان دەڵێ: "بەگوێرەی چەند سیناریۆیەک، پێشبینی دەکرێت هەڵاوسانی کرێ هەتا کۆتایی ئەمساڵ لە نێوان 30% بۆ 36% بێت." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەزاندنی هەڵاوسان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئامانجەکان بەردەوام بێت، لەسەر سیاسەتی تووندی دراو بەردەوام دەبن.
 
 
کاراهان پێشبینی دەکات ساڵی 2026 هەڵاوسان لە نێوان 15% بۆ 21% بێت و دەڵێ:" بۆ کۆتایی ساڵی 2027 پێشبینی دەکەین رێژەکە بۆ 6% تاوەکو 12% دابەزێت. ئامانجی ناوەندیشمان بۆ ساڵانی 2026 و 2027 وەک خۆی لە 16% و 9% هێشتووەتەوە. بۆ ساڵی 2028یش ئامانجی ناوەندمان بە 8% دیاری کردووە."
 
پێشتر لە دوایین کۆبوونەوەی ساڵی 2025دا، پێشبینیی هەڵاوسان بۆ ساڵی 2026 بە 13% بۆ 19% دەستنیشان کرابوو.