نرخی نەوتی برێنت بۆ زیاتر لە 100 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی نەوت بەڕێژەی زیاتر لە 8٪ بەرزبووەوە و دووبارە گەیشتەوە 100 دۆلار.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەدوای ئەوە دێت، بازرگانان پێیانوایە ئەو 400 ملیۆن بەرمیلەی وڵاتانی ئەندام لە گرووپی 7 بڕیاریدان داوە بیخەنە بازاڕەکانەوە، بەس نییە بۆ ئەوەی هێمنی بگەڕێنێتەوە بۆ بازاڕی نەوت.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ بەڕێژەی 8.8٪ بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 100 دۆلار و 8 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان رێژە بەرزبووەوە بۆ 95 دۆلار.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاند، 32 ئەندامی ئاژانسەکە بەبڕی 400 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەکی ستراتیژی خۆیان دەخەنە بازاڕەکانەوە کە دەبێتە گەورەترین خستنەڕووی نەوتی یەدەکی ستراتیژی لە مێژووی دامەزراندنی ئاژانسەکە لە دوای ساڵی 1973 بە دواوە.
پاول مۆڵچانۆڤ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (رایمۆند جەیمز) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازاڕی نەوت لە دۆخی ترس و شۆک و بێ متمانەیی دایە".
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "بڕیارەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشانی دەدات تاوەکو چ ئاستێک کەمیی نەوت لە بازاڕدا هەیە و ئەستەمە ئەو نەوتەی ئێستا ناتوانێت بە گەڕووی هورمزدا تێپەڕێت، بە ئاسانی قەرەبوو بکرێتەوە."