لە ساڵێکدا لە تورکیا نرخی بەنزین بە رێژەی 280% بەرزدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە بەنزینخانەکانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا نرخی بەنزین و دیزڵ بەجۆرێک بەرزبووەتەوە، هەندێک شۆفێر توانای کڕینی بەنزینیان نەماوە، ئەوانەش کە دیزڵ بەکاردەهێنن، تانکی ئۆتۆمبێلەکەیان پێ پڕناکرێت.
حەیدەر، شۆفێرێکە و دەڵێت، "توانای کڕینی بەنزینمان نییە، چانسێکی لەو جۆرەمان نییە. دیزڵ بەکاردەهێنین، ئەویش بۆ ئێمە گرانە. ئەوەندە پارەمان نییە، داهاتەکەم تەنیا 2500 لیرەیە، ئەویش بە زەحمەت بەشمان دەکات."
ئەو شۆفێرانەی پێشتر بە بەهای 100 لیرەی تورکی کە دەکاتە نزیکەی 5 دۆلار و 84 سەنت تانکی ئۆتۆمۆبێلەکەیان بە دیزڵ پڕدەکرد، بە درێژایی رۆژ دەیانتوانی کار بکەن، بەڵام ئێستا وەک خۆیان دەڵێن تەنیا دەتوانن چەند کیلۆمەترێک بڕۆن.
قادر، شۆفێرێکی دیکەیە و گوتی، "چەند پێی دەڕۆم؟ 20 کیلۆمەتر پێی دەڕۆم، هەر ئەوەندە. پێشتر بایی 100 لیرە دیزڵم دەکڕی، تاوەکو ئێوارە نەفەرم دەگواستەوە. چۆن وا دەبێت، گەیشتووەتە بینەقاقامان. دەچیتە بازاڕ دەستت دەسووتێنێ، دەچیتە مارکێت دەستت دەسووتێنێ، دەچیتە بەنزینخانە، هەمان شتە. چی بکەین؟ دەبێت پاڵ بە ئۆتۆمبێلەکەوە بنێین؟"
بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و دیزڵ بازاڕی بەنزینخانەکانیشی سست کردووە. گۆکهان، کارمەندێکی بەنزینخانەیە و دەڵێت، "ژمارەی کڕیارەکانمان و فرۆشیشمان دابەزیوە. لە رابردوودا تانکییەکانیان پڕدەکرد، بەڵام ئێستا کەس پڕی ناکات، چونکە نرخی تانکییەکی پڕ لە سووتەمەنی لانیکەم لە نێوان 1600 بۆ 1700 لیرەیە، کەسانێك کە مووچەیان کەمە، توانای کڕینییان نییە. دۆخی گشتی تورکیا بەو جۆرەیە، کەمترین مووچە."
ساڵی رابردوو لەم کاتانەدا نرخی لیترێک بەنزین و دیزڵ لە نێوان 7-8 لیرەدا بوو، بەڵام ئێستا نرخی یەک لیتر بەنزین بە 28 لیرە و 42 قروش و یەک لیتر دیزڵ بە 27 لیرە و 84 قروشە، واتا لە ماوەی ساڵێکدا نرخی بەنزین بە رێژەی زیاتر لە 280% و نرخی دیزڵ بە رێژەی زیاتر لە 230% بەرزبووەتەوە.